سوودانی ژمارەی ژنانی پلە باڵا لە حکومەتەکەیدا ئاشکرا دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە کابینە وەزارییەکەیدا سێ وەزیر، دوو بریکاری وەزیر و 111 بەڕێوەبەری گشتی ژنن. هەروەها زیاتر لە 24 هەزار لە یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە دامەزراون، ژنن. 

ئەمڕۆ شەممە، 10-08-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بۆنەیەکدا کە رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە بەغدا رێکیخستبوو، رایگەیاند، لەنێو حکومەتەکەیدا سەرکردەی ژن زۆرن، لەوانە 3 وەزیر، 2 بریکاری وەزیر، 111 بەڕێوەبەری گشتی و 47 جێگری بەڕێوەبەری گشتی.
 
لە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانییدا هەریەک لە وەزیرانی دارایی، کۆچ و کۆچبەران و گەیاندن ژنن. 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، هەوڵی دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری ژنانیان داوە تاوەکو ببێتە شوێنێک بۆ  پلاندان و جێبەجێکردنی راستەوخۆی هەموو بڕیارەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی کاروباری ژنان. گوتیشی، رەزامەندی دراوە لەسەر (بەرنامەی راهێنانی ژنانی نیشتمانی) بۆ مەشق و راهێنانی ئەو ژنانەی لە کەرتی تایبەت کاردەکەن.
 
سوودانی رایگەیاند، حکومەتەکەی 24 هەزار و 922 کچ و ژنی لە یەکەمەکان و بڕوانامە باڵاکانی لە پسپۆرە جیاوازەکان دامەزراندووە؛ 55%ی ئەوانەی دەرچووی پزیشکین و دامەزراون ژنن.  
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە تشرینی یەکەمی 2022ـەوە 138 هەزار ژن لە هاوکاریی تۆڕی کۆمەڵایەتی سوودمەندبوون.