رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق کار بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوورەکانی دەکات و گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، "2201 بنکە و تاوەری چاودێریمان لە سنوورەکان داناون".
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی ئابی 2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور 641 بنکە و 1580 تاوەری کۆنکرێتی لە سنوورەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دروستکردووە".
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، "بەردەوامین لە زیاتر تووندوتۆڵکردنی سنوورەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی ئەو ناوچە سنوورییانەی جموجووڵی قاچاخچییەتی و تیرۆریستییان تێدایە".
هاوکات حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بە رووداوی گوت، "بە درێژایی سنوورەکان بۆ هەر کیلۆمەترێک تاوەرێکی چاودێری دانراوە، ئەوە جگە لە دانانی 975 کامێرای چاودێریی پێشکەوتوو کە بە گوێرەی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکە سنوورییەکان، رووبەری نێوان هەردوو کامێرایەک بە سێ بۆ 20 کیلۆمەتر دیاریکراوە."
حەیدەر کەرخی گوتیشی، "درێژیی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی سێ هەزار و 719 کیلۆمەترە. زۆرترین سنوورمان لەگەڵ ئێرانە و درێژییەکەی 1439 کیلۆمەترە".
لە ساڵی 2018 دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێتی لە سنووری عێراق لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەستی پێکرد. رۆژی 26ـی تەممووز، محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی گوت، "ئەو دیوارە کۆنکرێتییە درێژییەکەی 349 کیلۆمەتر و بەرزییەکەی سێ مەترە و نزیکەی 144 کیلۆمەتری تەواو بووە".
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە ساڵی 2023دا 13 هەزار و 80 کەس دەستگیرکراون کە هەوڵیانداوە لەنێو سووریاوە بچنە نێو عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ