پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رووداو: بەرنامەیەکی فراوان بۆ بەدیجیتاڵیکردن هەیە

دوێنێ کاژێر 12:56
نەهرۆ محەممەد
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ برەودان بە پارەدانی ئەلیکترۆنی چڕکردوونەتەوە.   
 
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 10-08-2024، لە وۆرکشۆپێکدا قسەی بۆ زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا کرد و گوتی: "بەرنامەیەکی فراوان هەیە بۆ بەدیجیتاڵیکردن و پەیڕەوکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی. لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە گەورەیەدا بەرەوپێشچوونی گەورە لەو کەرتەدا بەدیهاتووە".
 
عەلی عەللاق گوتیشی: "ژێرخانێکی فراوانمان بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی رەخساندووە، ئەوەش لە رێگەی دابینکردنی هەموو پێداویستییەک لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییە داراییەکان بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی بگێڕێت لە ئابووریی نیشتمانیمان، ئەوەش لەپێناو وەبەرهێنان لە هێزی مرۆیی و مادییدا".
 
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گوتی: "پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و بانکەکان و بانکی ناوەندی هەیە، ئەوەش لەپێناو برەودان بەو پڕۆژە گەورەیە". 
 
پەیامنێری رووداو لەبارەی راستی و دروستی هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەکەی پرسیاری لە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کرد، بەڵام هیچ وەڵامێکی نەبوو. 
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی 06-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق تەمەنی گەیشتووەتە تەمەنی خانەنشینی و بۆیە داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، سوودانی دەتوانێ دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسندنەکات و رێگە بدات زیاتر لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.
 
رۆژی 01-08-2024، ئەنجوومەنی دەوڵەت نووسراوێکی بۆ پەرلەمانی عێراق کرد و تێیدا بۆچوونی خۆی لەبارەی بەردەوامیی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە پۆستەکەی دەربڕی، دوای ئەوەی تەمەنی گەیشتە تەمەنی خانەنشین بوون.
 
بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق، تەمەنی هاووڵاتی بۆ خانەنشین بوون 60 ساڵە.
 
بە گوتەی سۆران عومەر، ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆچوونی ئەوە بووە دەبێت پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق خانەنشین بێت. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە