کۆمیسیاری باڵای UN بۆ مافەکانی مرۆڤ: لە رەوشی ئازادیی رادەربڕین لە عێراق نیگەرانم

10-08-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیاری باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دوای سەردانە چوار رۆژییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان و عێراق؛ رایگەیاند، نیگەرانە لەو رەوشە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پرسەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق وروژاندووە.
 
رۆژی چوارشەممە 9ی ئابی 2023، ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە ‏یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی سەردانە چوار رۆژییەکەی بۆ هەولێر و بەغدا و بەسرە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە بەغدا باسی لە رەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین لە عێراق کرد و رایگەیاند، نیگەرانە لە دۆخەکە و پێویستە دامودەزگەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بەهێزتر بکرێن.
 
لەوبارەیەوە کۆمیسیاری باڵای نەتەوە ‏یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتی، "نیگەرانم لەوەی کە زنجیرەیەک هەنگاو لەلایەن کەسانی خاوەن دەسەڵات نراون، بۆ نموونە تۆمارکردنی سکاڵای تاوانکاری ناوزڕاندن دژی رۆژنامەنووسان و چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئازادیی رادەربڕین هەبووە."
 
لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، ڤۆڵکەر تورک لەگەڵ هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ی ڤۆڵکەر تورک بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، دۆخى مافى مرۆڤ و ئازادييه‌كان، زه‌مينه‌ى كار و چالاكيى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ئازاديى راگه‌ياندن و راده‌بڕين و كارى رۆژنامه‌ڤانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ده‌ر‌فه‌ت و كێشه‌كانى تاوتوێ كران.
 
هەروەها لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان بە کۆمیسیاری باڵای نەتەوە ‏یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی گوتووە، "هەرێمی کوردستان پابەندە بە پاراستن و به‌ره‌وپێشبردنى ديموكراسى، یەکسانی و ئازاديى راده‌ربڕين."
 
لە بەغدایش ڤۆڵکەر تورک لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکان کۆبووەوە.
 
سەبارەت بە دۆخی چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنیش، ڤۆڵکەر تورک گوتی، "راپۆرتەکان باس لە تووندوتیژی و تۆقاندن و هەڕەشەی کوشتن لە چالاکڤانانی ژینگەپارێزیی دەکەن، لەنێویاندا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، بەمەش فەزای کراوەی گفتوگۆیان خنکاندووە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە زۆر گرنگن."
 
"بەهێزکردنی دامەزراوە دادوەری و نیشتمانییەکانی مافی مرۆڤ گرنگە"
 
لە 27ی نیسانی ئەمساڵ، کاتێک، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە رێوڕەسمێکی تایبەتی تۆڕی میدیای رووداو لە هەولێر، باسی لە خراپبوونی دۆخی رۆژنامەڤانان و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد. ئەوکات. پلاسخارت لە گوتارێکی تایبەتدا، لەسەر ئەو پرسە رایگەیاند دۆخی ئەمڕۆی ئازادیی رادەربڕین لە سەرانسەری وڵات "جێگەی نیگەرانییە". گوتیشی: "بێدەنگکردن، رێگری، رەتکردنەوە یان تێکدانی گوتاری گشتی دەبنە هۆی لەکەدارکردنی دەوڵەت و شێواندنی متمانەی گشتی."
 
لەو سەردانەیدا ڤۆلکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە ‏یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، جەختی لەو خاڵە کردەوە و داوای لە بەرپرسانی باڵای عێراق کرد کۆتایی بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بهێنن.
 
ڤۆڵکەر تورک دەڵێتڵ "ئەوەی گرنگە بەهێزکردنی دامەزراوە دادوەری و نیشتمانییەکانی مافەکانی مرۆڤە بۆ ئەوەی بتوانن سەربەخۆیانە و کاریگەرانە کار بکەن، کە ئەو بابەتە بوو، لەگەڵ بەرپرسانی باڵا وروژاندم. پێشوازی لە هەموو هەوڵە بەردەوامەکانی چاکسازیی یاسایی دەکەم کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا بگونجێت. هەروەها داوام لە دەسەڵاتداران کردووە، مەرسوومێکی فەرمی رابگەیەنن تایبەت بۆ راگرتنی سزای لەسێدارەدان لە عێراق، کە ئێستا زیاتر لە 11 هەزار کەس چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانن."
 
"گەشبینم بەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی هەمبوون"
 
پرسێکی دیکەی کە کۆمیسیاری باڵای نەتەوە ‏یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق باسی لێوەکردووە، رەوشی نێو گرتووخانەکان و ئەو راپۆرتانەی کە ئاماژە بە ئەشکەنجەدان دەکات.
 
لەوبارەیەوە، ڤۆلکەر تورک، دەڵێت: "ئەو پرسانەی ئێمە باسمان لێوەکردن، پەیوەست بوون بە ئەشکەنجەدان، هەروەها پەیوەست بوون بە بێسەروشوێنکردن هەروەها دۆخی گرتووخانەکان و قەرەباڵخیان، بەڵام گەشبینم بەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی هەمبوون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە