گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی راگیران

 
رووداو دیجیتاڵ

پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، دوو مانگە فڕۆکەوانەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی مووچەیان وەرنەگرتووە، بەو هۆیەوە مانیان گرتووە و گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی راگیران.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-08-2023 لە بەغداوە رایگەیاند، "ئێستا نوێنەری فڕۆکەوانەکان و وەزارەتی گواستنەوە و بەڕێوەبەرانی هێڵی ئاسمانی لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە لە کۆبوونەوەدان؛ دەنگۆی ئەوە هەیە بەشێکی گەشتەکان دەستپێبکەنەوە."
 
یەکێک لە فڕۆکەوانەکان بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەوی رابردوو گەشتێکی نێوان بەغدا سلێمانیش راگیراوە و هیچ گەشتێک جگە لە حاڵەتێکی "ئینسانی" ناکەن.
 
فڕۆکەوانەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی ماوەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و بەبێ مووچە کاریان کردووە، ئەوە لەکاتێکدایە مووچەی ئەوان کەمترە لە مووچەی فڕۆکەوانەکانی هێڵی ئاسمانیی دیکە.
 
فڕۆکەوانەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی باس لەوەش دەکەن، لەڕووی ئیدارییەوە مامەڵەی هێڵە ئاسمانییەکە لەگەڵیان زۆر خراپە و "هیچ سەرەتیـ"ـیان نییە، بۆیە چەندین جار مانیان گرتووە و ناڕەزایەتیی خۆیان لەوبارەوە دەربڕیوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئەمڕۆ زیاتر لە 20 گەشت لەلایەن هێڵی ئاسمانیی عێراقەوە لە فڕۆکەخانەی بەغدا دیاریکراوە کە هیچ یەک لە گەشتەکان ناکرێن.
 
هەڵکەوت عەزیز دەڵێت، "ئەگەر نوێنەری فڕۆکەوانەکان لەگەڵ وەزارەتی  گواستنەوە و بەڕێوەبەرانی هێڵی ئاسمانی لە بەغدا، لە کۆبوونەوەکەیاندا گەیشتنە رێککەوتن و بەڵێنێکی کۆنکرێتیان پێ درا، لەوانەیە گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە ئەگەر نا، بڕیاریان داوە تاوەکو مووچەی ئەو سێ مانگەیان بۆ خەرج نەکرێت، داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، مووچەیان زیاد نەکرێت، بە هیچ شێوەیەک دەست بە گەشتەکان نەکەنەوە."