بەڕێوەبەرێکی وەقفی سوننە بە گەندەڵی لە پارەی نۆژەنکردنەوەی مزگەوت تۆمەتبار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوو ساڵ زیاترە بەڕێوەبەرێکی دیوانی وەقفی سوننە تۆماتبارکراوە بە گەندەڵیکردن لەو پارەیەیەی کە بۆ چاپکردنی قورئان دانرابوو، بڕی پارەکە شەش ملیار دینار بووە، لەگەڵ 390 ملیاری دیناری دیکە کە تایبەت بووە بە نۆژەنکردنەوەی هەردوو مزگەوتی ئەبو حەنیفەی نوعمان و شێخ عەبدولقادر گەیلانی.
بەپێی فەرمانێکی دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق، بەرپرسی سەرۆکی لیژنەی موڵکەکانی ئەو وەقفە لەسەر کار لادراوە بەهۆی ئەوەی بەرپرسە لە بەفیڕۆدانی 390 ملیار دینار لە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی مزگەوتەکانی ئەبو حەنیفەی نوعمان و شێخ عەبدولقادر گەیلانی. هەروەها لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دیکەش پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بەرپرسە کە 6 ملیار دیناری دیکەشی لە پڕۆژەی چاپکردنی قورئان بەفیڕۆ داوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەو بەڕێوەبەرە ئێستا دەوامی خۆی دەکات.
قەیس بن نوری، گوتەبێژی وەقفی سوننە لە عێراق بە رووداوی رایگەیاند: "هێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو پرسە نەدراوە و چاوەڕوانی بڕیای کۆتایی دەستەی دەستپاکی دەکەین، کە لێکۆڵینەوەی لەو پرسەدا کردووە". هەروەها گوتی: "ئەو پرسە کە ئێستا جارێکی دیکە دەکەوێتەوە بەر هەڵمەتەکانی راگەیاندن پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەیە و بابەتەکە بۆ شکاندنەوە بەکاردەهێنرێتەوە".
بەپێی نووسراوەکە کە رۆژی 24ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 دەرچووە و واژۆی د. مەهدی ساڵح حوسێن، سەرۆکی وەقفی سوننەی لە عێراق لەسەرە دەڵێت، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی هەیانە بڕیاری لەسەر کارلادانی عامر شاکر عەبد، سەرۆکی لیژنەی موڵکەکانی دیوانی وەقفی سوننەیان داوە بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی ئاماژەیان بۆ دراوە.
گوتەبێژی وەقفی سوننە لە عێراق نووسراوەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، لە سەردەمی سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننە دەرکراوە و نووسراوەکە ساختە نییە.
سەبارەت بە راستی و دروستی گەندەڵی لە نۆژەنکردنەوەی ئەو دوو مزگەوتە و چاپکردنی قورئان، قەیس بن نوری گوتی: "دەبێت دەستەی دەستپاکی یەکلایی بکاتەوە".
پرۆژەی چاپکردنی قورئان یەکێکە لە پرۆژەکانی وەقفی سوننی و ساڵانە بە هەزاران دانەی لێ چاپدەکرێت.