رووداو دیجیتاڵ
ناوەندى ستراتیژى بۆ مافەکانى مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، 26%ـی هاووڵاتیانى عێراق کرێچین یان لە خانووى زێدەڕۆ دەژین. بەغداش لەو رووەوە لە پلەی یەکەمدایە.
فازڵ غەڕاوى، سەرۆکى ناوەندەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "74%ـی عێراقییەکان لە خانووى خۆیاندان و کورتهێنانى نیشتەجێبوون گەیشتووەتە 26%، ئەوانیش کرێچین یان لەنێو ئەو کۆمەڵگەیانەدا دەژین کە بە زێدەڕۆ دروستکراون، لەو کێشەیەشدا بەغدا لە ریزبەندیی یەکەمە لەسەر ئاستى عێراق."
بەگوێرەى ئامارەکە؛ 31%ـی دانیشتووانى بەغدا بێ خانوون، نەینەوا لە پلەی دووەمدایە و 28% دانیشتووانەکەی کرێچین یان لە خانووی زێدەڕۆدا دەژین، بەسرەش بە 10% لە پلەی سێیەمدا دێت.
فازڵ غەڕاوى گوتی "هۆکارى سەرەکیی ئەو رێژەیەى کورتهێنان لە شوێنى نیشتەجێبوون، تەقینەوەى نائاسایی ژمارەى دانیشتووانى عێراقە لەگەڵ کۆنیی نەخشەى شارەکان و نەبوونى کۆمەڵگەى نیشتەجێبوون."
بەپێی ئامارى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، کۆتایی ئەمساڵ ژمارەى دانیشتووانی عێراق بۆ سەرووی 43 ملیۆن کەس زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ