رووداو دیجیتاڵ
کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگاری بەوەکالەت بەرەو دادگەی کەرکووک بەڕێکەوتن و ئەمڕۆ راکان جبووری دوای نزیکەی حەوت ساڵ مانەوەی بەوەکالەت لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، لەبەردەم دادوەری دادگە سوێندی یاسایی خوارد و بووە ئەندامی ئەنجوومەن.
راکان جبووری، چی دیکە لە پۆستی پارێزگار دەوام ناکات و بەبێ قسە و بڵاوکردنەوەی هیچ زانیارییەک، دادگەی بەجێهێشت.
لەدوای راکان جبووری، دەبێت عەلی حەمادی کاروبارە ئیداری و داراییەکانی پارێزگای کەرکووک رایی بکات، تاوەکو ئەو کاتەی پارێزگارێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگار بە رووداوی گوت "بەڕێز پارێزگار خانەنشین بووە. لە رۆژی 1ـی حەوتەوە، داوای راوێژمان کردووە لە دەستەی هەماهەنگی سەبارەت بە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگا و تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە، بەڵام من رێگەپێدراو دەبم بۆ راییکردنی ئیش و کارەکان لەکاتی نەبوونی پارێزگاردا، بەڵام دواجار بڕیاری یەکەم و کۆتایی لای دەستەی هەماهەنگییە."
ئامادەکاری بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن دەکرێ، کە بڕیارە سبەی لەسەر بڕیاری سوودانی بکرێت. رووداو زانیویەتی لە کۆبوونەوەکەدا هیچ رێککەوتنێک ناکرێت، بەڵام لایەنەکان ئامادە دەبن و راکان جبووری، وەک بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە دەکات.
رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە نەتەوەی عەرەب بە رووداوی گوت "فراکسیۆنی عەرەبی لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک ئامادە دەبێت. وەک کوتلەی عەرەبی بەدڵنیاییەوە چاومان لەسەر ئەوەیە پارێزگار لە پێکهاتەی عەرەب بێت، بەڵام نابینە رێگر لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک."
تورکمانیش پەرۆشی کۆبوونەوەکەن و بەنیازن لەدوای یەکەم دانیشتن، پڕۆژەی خۆیان بۆ پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگا بخەنەڕوو.
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە نەتەوەی تورکمانە دەڵێ "لە کەرکووک بوونی بۆشایی ئیداری خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات. هاونیشتمانیان چوون بۆ دەنگدان و چاوەڕوانی خزمەتگوزاری و دامەزراندنن، زۆر بابەتمان هەبوون کە بەهۆی نەبوونی ئەنجوومەن راگیراون."
هیچ رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی ئیدارەی نوێ نەکراوە، بەڵام هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی دوو ساڵ بەدوو ساڵ پەسند بکرێت. بۆ یەکێتی وەک براوەی یەکەمی لایەنەکان، تەنیا بە یەکلاییکردنەوە پۆستی پارێزگار لەبەرژەوەندییان، رازی دەبن.
سەبارەت بە میکانیزمی وەرگرتنی پۆستەکەش، هێشتا گفتوگۆکان نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ "مەبەستی سەرۆککوەزیران کە دەڵێ رێککەوتن کراوە، بۆ ئەوەیە دانیشتنێکی ئاسایی بکرێت، بەڵام وەکو ئەوەی رێککەوتن کرابێت بۆ پۆستەکان، هیچ نەکراوە و ئێمە وەک فراکسیۆنی 'کەرکووک هێز و ئیرادەمانە' ئاگاداری هیچ نین."
لەدوای یەکەم دانیشتنەوە ماوەی 30 رۆژ لەبەردەستە تاوەکو سەرۆکایەتی ئەنجوومەن و پارێزگار هەڵبژێردرێت، بەڵام چاوەڕێدەکرێت کۆبوونەوەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە و ئەو وادە یاساییە دەکرێ درێژەبکێشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ