بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ ئیمام حوسێن شیعەکانی عێراق دوو مانگ ئاهەنگی هاوسەرگیری رادەگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ چوونە نێو مانگى موەحەڕەم، کەشێکى خەمباری و پرسەدار شەقامەکانى بەغداى داپۆشیوە؛ بۆ ماوەى دوو مانگ شیعەکان رەش دەپۆشن و بۆنەى خۆشی و ئاهەنگى هاوسەرگیری رادەگرن.
 
ئەو هەنگاوە بە بۆچوونى شیعە، بۆ دەربڕینى هاوخەمییە بۆ ئیمام حوسێن و خۆشەویستییە بۆ ئەهلى بەیت و پابەند بوون پێیانەوە، کە مەبەست لێى کەسوکارى پێغەمبەرى ئیسلامن (د.خ).
 
پیاوێکی ئایینیی شیعە دەڵێت، "خۆشەویستیى ئەهلى بەیت وادەکات بە خۆشییەکانیان دڵخۆش و بۆ ناخۆشییەکانیان خەمبار بین، لەبارەى ئەوەى ئایا حەرامە لەم رۆژانەدا هاوسەرگیری بکەین، بە دڵنیاییەوە لەلایەن زانایانى ئێمە بە رەهایی حەرام نەکراوە، بەڵکو ئەوە هاوسۆزییە بۆ ئەهلى بەیت لە ناخۆشییەکانیاندا، کە وادەکات خۆشییەکان دوابخرێت، لەبەر ئەوەى ئەوە یادەوەریى ستەمى مرۆڤ و ئەهلى بەیت و هاووڵاتیانن، لەبەر ئەوەى بە نەهامەتییەکى مرۆڤایەتیدا تێپەڕ بوون، نەک تەنها نەهامەتییەکى مرۆیی، لەو رووداوەدا ئەو کەسانە لە خوێنى خۆیاندا نغرۆ کران و شێوێندران."
 
راگرتنى ئاهەنگ و بۆنەکانى هاوسەرگیری لە هەردوو مانگى موحەڕەم و سەفەر، تەنها بۆ شیعەکان نییە، بەڵکو سوننەکان و ئایینەکانى دیکەش هەندێکجار پێوەى پابەند دەبن. زانایانى سوننە دەڵێن، "رێزگرتن لە دابونەریت و عەقیدەى ئەوانى دیکە لە کۆمەڵگە، وامان لێدەکات وەکو پێشاندانى نیشاندانى باشیمان، بۆنە خۆشەکانمان دوابخەین، تاوەکو دواى کۆتاییهاتنى سرووتە خەمباری و پرسەکان."
 
شێخ مەروان عوبێدى، پیاوى ئایینیى سوننە دەڵێت، "لەلاى زۆرێک لە پەیڕەوکارانى سوننە، بەهۆى دراوسێ و یاوەر و ناسیاوەکانیانەوە، وەکو عورفێک نەک باوەڕ بوون پێى، لە ئاهەنگگێڕان دەوەستین، وەکو چۆن شیعە رایدەگرێت، ئەمە پێکهاتەى عەقائیدی عێراقە، لەناو دڵیدا رێز لە عەقیدەى خۆى دەگرێت و رێزیش لە عەقیدەى ئەوانى دیکە دەگرێت، لەبەر ئەوەى ئەمە تایبەتمەندییەکانە و تایبەتمەندییەکانى خەڵکیش لەلاى پەیڕەوکارانى سوننە پیرۆزن."
 
60 رۆژ لە بەغدا خەم باڵ بەسەر هەموو شتێکدا دەکێشێت، تەنانەت خەڵکى ویستیان بۆ کڕینى شیرینى و گەوهەر نامێنێت، لەبەر ئەوەى پێیان وایە رۆژانى خەم و نەهامەتییە، نەک رۆژانى خۆڕازاندنەوە و دڵخۆشی.