دیوانی چاودێریی دارایی عێراق: وردبینی لە لیستی مووچە و میلاکاتی مەدەنی و سەربازیی کوردستان دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

دیوانی چاودێریی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیان بە وردبینیی لە لیستی میلاک و مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی و سەربازیی هەرێمی کوردستان کردووە و ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 10-07-2024 دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵی ژمارە 224 و هاوتاکانی 269ـی فیدراڵی ساڵی 2023 لە رۆژی 21ـی شوباتی 2024 و بۆ تەواوکردنی پابەندییەکانی دیوان وەکو ئەوەی لە مادەی 12ی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 هاتووە، تیمێکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی رۆژی چوارشەممە لەگەڵ دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان دەستیان بە کارەکانی وردبینیی میلاکات و مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد."
 
دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بۆ تەواوکردنی کارەکە کراوە.
 
بە پاساوی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و بوونی کێشە تێیدا، زیاتر لە دوو مانگە مووچەکانیان خەرجنەکراوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 10ـی تەمموز، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند : "بەدواداچوون بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتیش مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرا، کە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵی تائێستا مووچەی مانگی 5 و 6ـی خەرج نەکردووە."
 
ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ، خەرجنەکردنی پارەکە لەکاتێکدایە "لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکێشی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کراوە بۆ وردبینی و پێداچوونەوە."
 
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە دوێنێ لە کۆلێژی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارقوڕنە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گوتی" "کێشەی مووچە لەم دوو سێ رۆژەدا چارەسەر دەبێت." 
 
مووچەی هێزە ئەمنییەکان مانگانە زیاتر لە 345 ملیار دینارە، بەو پێیەش دەبێت عێراق بۆ ئەو دوو مووچەیەی نەدراوە نزیکەی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.