رووداو دیجیتاڵ
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند کێشەکانی نێو ماڵی کورد لە کێشەکانی نێو ماڵی شیعە گەورەترن. دەشڵێت، لایەنە شیعەکان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کێشەی گەورە لە نێوانیاندا "نییە و زوو ئەو پرسە یەکلایی دەکەنەوە."
رۆژی یەکشەممە 10-07-2022، لە یەکەم رۆژی جەژندا لە کاتی نوێژی جەژنی قورباندا ئەمنیداریی گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق پێشنوێژی بۆ ژمارەیەک نوێژخوێن لە بەغدا کرد و پاشان گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە پرسی پێکهێنانی حکومەت و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار کرد.
خەزعەلی کە پارتەکەی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و بەیەکەوە ئێستا پاش کشانەوەی سەدرییەکان خاوەنی زیاتر لە 100 کورسین گوتی، "پاش کشانەوەی سەدرییەکان پێکهێنانی حکومەتی تازە دواناکەوێت و دەرفەت هەیە پاش جەژن پەرلەمانی کۆببێتەوە و حکومەتی تازە پێکبێنن."
لەبارەی کێشەکانی نێو ماڵی شیعە، بە تایبەتی لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران، خەزعەلی گوتی، "میکانزمێک لەناو هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دیاریکراوە بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران. ناکۆکییەکی راستەقینە لەنێوان ئەو هێزانەدا نییە، بۆیە یەکلاییکردنەوەی پۆستەکە زۆر دواناکەوێت."
هەڵنەبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کە بە دەست کوردەوەیە، هۆکارێکی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتە. خەزعەلی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەوە گوتی: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆدەنگی کوردە لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام کێشەکانی نێوماڵی کورد زۆر گەورەن و لەکێشەکانی نێو ماڵی شیعە گەورەترن. ئێمە زۆر چاوەڕوانی کورد ناکەین بۆ رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار."
خەزعەلی بە ناراستەوخۆ حکومەتی کازمی رەتکردەوە و گوتی، "سەرجەم لایەنەکان بەچوارچێوەی هاوئاهەنگیشەوە حکومەتی کاربەڕێکەر رەتدەکەنەوە، دەبێت کار بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەتەواوی دەسەڵات بکەن." هەروەها گوتی، "پەیامی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتە زلهێزەکان لەسەر حکومەتی داهاتوو روونە ئەوان داوای دەکەن کە حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی بێت."
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 10-07-2022، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق لە جەژنی قوربان لە شاری بەغدا گوتارێکی پێشکێشکرد، تێیدا تیشکی خستە کێشە و گرفتەکانی عێراق و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی لەوانەش بابەتی پێکهێنانی حکومەت و پۆستی سەرۆککۆمار.
سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق، لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار رایگەیاند، "داوا لە برایانی هەرێمی کوردستان دەکەین و هانیان دەدەین، بۆ ئەوەی پەلە بکەن، بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، بە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەوە سەیری ئەم بەرکەوتە نیشتمانییە بکەن، هەروەک سەردەمی خەبات و قۆناخەکانی پرۆسەی دامەزراندنی دیموکراسی لە عێراقدا."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەمار حەکیم رایگەیاند، "پۆستی سەرۆککۆمار، مانای هەموو عێراقییەکان دەگەیێنێت، نەک تەنیا برایانی کورد، گەورەترە لەوەی بەرکەوتەی پێکهاتەیەکی وڵات بێت، بەڵکو گەرەنتی یەکڕیزیی عێراقییەکانە، گەرەنتی چاککردنی دەستوور و سەروەریی بەرژەوەندیی باڵای گەلە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ