وەزیری بازرگانیی عێراق: کۆگاکانی خۆراک ئامادەن و دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراک دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنیت، کۆگاکانی خۆراک ئامادەن و دەست بەدابەشکردنی بەشە خۆراک دەکەن و گوتیشی "کوالێتیی خۆراکەکان بەرزن". 
 
عەلا جبووری، وەزیری بازرگانی عێراقی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، چەند رۆژێکە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانی بڕێکی زۆری ماددە و کەرەستەی خۆراکی بۆ هاتووە کە جۆر و کوالێتییان باشە. خۆراکەکە بریتییە لە: رۆن، شەکر، نۆک، فاسۆلیا، دۆشاوی تەماتە، دوو جۆر برنج و گوتیشی "ئەو جۆرە خۆراکانە جۆری باشن و کوالێتییان نایابە".
 
هاوکات عەلا جبووری، وەزیری بازرگانیی عێراقی ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی بازرگانی گرێبەستی لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کردووە بۆ کۆگاکردنی خۆراک، کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کردووە.
 
عەلا جبووری،  جەختی لەوەکردەوە، لە کاژێرەکانی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی ئەو خۆراکانە دەکرێت بەسەر بریکارەکاندا.
 
پێشتر تەنیا رۆن، شەکر، برنج و ئارد دابەشدەکران، بەڵام بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی و حکومەتی عێراق نۆک، فاسۆلیا و دۆشاوی تەماتە-ش زیادکراون.