ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی کرێکارانی پەسندکرد

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری زیادکردنی مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی پەسندکرد، بە مەرجێک لە 150 هەزار دینار زیاتر نەبێت، بەڵام بڕیارەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2024، زیادکردنی مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی بە بڕێک لە 150 هەزار دینار زیاتر نەبێت، بۆ ئەو کەسانەی کە مووچەکانیان ناگاتە 700 هەزار دینار، پەسندکرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکە خانەنشینانی خزمەت و پەککەوتەش دەگرێتەوە.
 
یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی عێراقە کە پەرلەمانی عێراق پەسندیکردووە، بەڵام ئەو یاسایە دەبێت بێتە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام ئێستا پەرلەمانمان نییە."
 
لە هەرێمی کوردستان کار بە یاسای خانەنشینیی ساڵی 2012 دەکرێت. بەگوتەی یوسف کەریم، ژمارەی ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان لە کاتی جێبەجێکردنی یاساکە ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە نزیکەی هەزار کەس دەبن.