هاوپەیمانێتییەکی عێراق پارتێکی سیاسی لە ریزەکانی دەردەکات

رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی (بەهاکانی مەدەنی) کە هاوپەیمانێتیی ژمارەیەک پارت و لایەنی سیاسیی عێراقییە، دەرکردنی یەکێک لە پارتە پێکهێنەرەکانی راگەیاند. گوتەبێژی یەکێک لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانێتییەکە دەڵێت: "پارتەکە رێکاری دوور لە پرەنسیپەکانی هاوپەیمانێتییەکەی گرتووتەبەر". 
 
هاوپەیمانیی (بەهاکانی مەدەنی) کە خاوەنی فراکسیۆنی "نیشتمان"ـە لە پەرلەمانی عێراق و حەوت پەرلەمانتاری هەیە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "پارت و لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکە بڕیاریان دا بە کۆتاییهێنان بە ئەندامێتیی پارتی تەنویر لە هاوپەیمانێتییەکە، چونکە ئەو پارتە پابەندی پڕەنسیپەکانی هاوپەیمانێتی نەبوو و لە بڕیارەکاندا نەدەگەڕایەوە بۆ هاوپەیمانێتییەکە؛ بۆیە مافی بەکارهێنانی ناوی هاوپەیمانێتییەکەیان نییە". 
 
خالید وەلید، گوتەبێژی جووڵانەوەی (نازل اخذ حقی) کە بەشێکە لەو هاوپەیمانێتییە، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت :"هۆکاری دەرکردنی ئەو پارتە لە هاوپەیمانێتییەکە ئەوەیە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە بەرپرسانی ئەو پارتە هەندێک رێککەوتن و رێکاریان لە دەرەوەی رێنمایی و بیروبڕواکانی ئێمە کردووە. ئەوان هەروەها کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنیان کردووە کە دوور بوون لە پرەنسیپەکانی هاوپەیمانیی بەهاکانی مەدەنی". 
 
هاوپەیمانیی (بەهاکانی مەدەنی) ژمارەیەک پارت و لایەنی سیاسی لە خۆدەگرێت، لەساڵی 2021 دامەزرا و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و 7 پەرلەمانتاری لە فراکسیۆنێکدا بەناوی (وەتەن) هەیە. هاوپەیمانێتییەکە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیشدا لە کۆتایی ساڵی رابردوو، بەشداریکرد و شەش ئەندامی هەیە. 
 
هاوپەیمانێتییەکە هەریەک لە پارتی بەیتی نیشتمانی، رەوتی کۆمەڵایەتیی دیموکراسی، جووڵانەوەی (نازل اخذ حقی)، بزووتنەوەی مەدەنیی عێراقی، حیزبی شیوعی عێراقی، رەوتی رۆشنبیری عێراقی، ریادەی عێراقی، گردبوونەوەی کۆماریی عێراقی، رەوتی دیموکراسیی عێراقی، حیزبی شیوعی کوردستان، تەنووریر لەخۆدەگرێت.