بۆ یەکەمجار لە بەغدا لەڕێگەی پڕۆژەیەک کارەبا لە خاشاک بەرهەمدەهێنرێت

رووداو دیجیتاڵ 


یەکەمین پرۆژەی وەبەرهێنان لە عێراق بۆ چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاکی بەغدای پایتەخت و بەکار‌هێنانی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، جێبەجێ دەکرێت.
 
بەغدا، کە دانیشتووانەکەی زیاتر لە 9 ملیۆن کەسە، رۆژانە نزیکەی 10 هەزار تۆن خاشاکی هەیە. 
 
عەبدوڵڵا حەسەن، هاووڵاتیێکی بەغدا دەڵێ "زۆربەی ناوچەکانمان بەدەست خۆڵ و خاشاکەوە دەناڵێنن. کارێکی زۆر نایاب دەبێت کە سوودی لێوەربگیرێت و بگۆڕدرێت بۆ وزەی پاک و لەلایەن کۆمپانیا رەسەنەکان چارەسەر بکرێت، هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێ و پێشکەوتوو."
 
پرۆژەکە دەکەوێتە ناوچەی نەهرەوان لە بەغدا، لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی بە هاوکاریی وەزارەتەکانی ژینگە و کارەبا و ئەمینداریێتی بەغدا کاری لەسەر دەکرێت؛ سەرەتا خۆڵ و خاشاکەکە جیادەکرێتەوە، دواتر دەسووتێنرێ و کارەبای لێ بەرهەمدەهێنرێت. 
 
کۆتایی مانگی ئاداری رابردوو، رێکارەکانی پرۆژەکە دەستیانپێکردووە و ماوەی جێبەجێکردنی، 24 مانگە. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە 80 بۆ 90 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
 
مونا سەباح، راوێژکاری دەستەی وەبەرهێنانی نیشتیمانی عێراق دەڵێ "پرۆژەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک دەستیپێکردووە بۆ وەبەرهێنانی وزەی کارەبا، ئەمینداریێتیی بەغدا رۆژانە سێ هەزار تۆن خاشاکی بۆ دابین دەکات. ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندیی داوەتە وەزارەتی کارەبا، کە ئەو کارەبایە بکڕێ. بە تەکنیکێکی بەرز، خاشاکەکە لە رێگەی تۆڕێکەوە بەتەواوی دەسووتێنرێت." 
 
جگە لە بەغدا، حکومەتی عێراق پلانی هەیە، لە پارێزگاکانی دیکەش هەمان پرۆژەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک دابمەزرێنێت.