پارتى پێشنیازێک بۆ گەڕانەوەى 12%ـی پاشەکەوتى مووچە دەداتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق

10-06-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن بودجەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق پێشنیازێک بۆ دانەوەى رێژەی 12%ـی پاشکەوتى مووچەى فەرمانبەران بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیی عێراق، دادەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان. 
 
10ـی حوزەیرانى 2023، خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند فراکسیۆنەکەیان پێشنیازى کردووە پرسی دانەوەى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە هاوئاهەنگى بێت لەنێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى کە مانگانە 12%ـی پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران بدرێتەوە.
 
خەلیل دۆسکى ئاماژەى بەوەش دا، پێشنیازەکە بەو جۆرەیە؛ بەشێک لە پارەى پاشەکەوتى مووچە لە داهاتى نێوخۆى هەرێمى کوردستان و بەشەکەى دیکەى لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە تەرخان بکرێت و هەردوولا لەوبارەیەوە لێکتێگەیشتنیان هەبێت.
 
بڕیارە ئەمشەو پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر مادەکانى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى و مادەى 14 تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە و بڕیارە ئەو پێشنیازەى فراکسیۆنى پارتى لەو مادەیەدا جێگەى بکرێتەوە.
 
خەلیل دۆسکى گوتیشى "واژۆمان بۆ پێشنیازەکە کۆکردووەتەوە و رادەستى سەرۆکایەتى پەرلەمان کراوە، بڕیارە بخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەى لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى جێگەى بکرێتەوە".

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە