لە بەسرە پلەی گەرما گەیشتووەتە 46 پلەی سیلیزی

 
رووداو دیجیتاڵ

وەکو هەمیشە، بەسرەییەکان پێش هەموو عێراقییەکانی دیکە، گەرمیی داخی هاوین روویان تێ دەکات؛ ئەوانیش لەبەر کەمیی کارەبا، روو دەکەنە کەناری شەتولعەرەب.
 
حامید عادل، دانیشتووی بەسرە دەڵێت، "هەوایەک دەگۆڕین، پلەی گەرما بەرزە، بۆیە منداڵەکان دەهێنین بۆ مەلەکردن تاوەکو چێژ وەربگرن."
 
پلەی گەرما گەیشتووەتە 46 پلەی سیلیزی؛ ساڵی رابردوو ئەم کاتە لە بەسرە پلەی گەرما سەروو 50 پلە بوو. پار حکومەت لە 24 کاژێردا کەمتر لە پێنج کاژێر کارەبای نیشتمانیی پێ دابین دەکرا، ئێستاش هەمان تاس و هەمان حەمام.
 
سەجاد عیماد، دانیشتووی بەسرە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمڕۆ پلەی گەرما لە پارێزگای بەسرە زۆر بەرزە؛ کارەباش کوژاوەتەوە، کاژێرێك هەیە و دووان دەبڕدرێت."
 
بەسرە کە 70%ی یەدەگی نەوتی عێراقی تێدایە، زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی بە ئاسانی دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە ناگات؛ هەژارییش نزیکەی 45%ی دانیشتووانەکەی گرتووەتەوە و سەرووی 30%ی سەوزاییشی بووەتە بیابان.
 
بەڵێنەکانی 20 ساڵی رابردووی حکومەتیش بە دابینکردنی ژیانێكی ئارام لە کەشوهەوایەکی خۆش و فێنک بۆ بەسرەییەکان، ساڵانە لەسەر رووی ئاوی پیس و ئالوودەی شەتولعەرەب دەنووسرێنەوە و لەگەڵ کۆتاییهاتنی هاوین، کۆتاییان دێت.