ئەمریکا: 3 ملیۆن دۆلار دەدەینە هەر کەسێک زانیاریمان لەسەر هێرشکارەکانی عێراق پێبدات

10-06-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئەمریكا عێراق هێرشی مووشەکی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی سێ ملیۆن دۆلار وەکو خەڵات دەداتە هەر کەسێک، کە زانیاری لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی نێو عێراق بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان ئاشکرا بکات.
 
راگەیێندراوەکە رۆژێک دوای هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی سەر هێزەکانی ئەمریکا دێت لە نێو فڕۆکەخانەی بەغدا، کە لە رێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرانە ئامانج. 
 
بەشی "پاداشت لە پێناو دادپەروەری"، کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، لە تویتێکدا دەڵێت: "خەڵکی دڵسۆزی عێراق، تیرۆرستە ترسنۆکەکان هێرشدەکەنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و دواتر رادەکەن و خۆیان لە نێو خەڵکی سڤیلدا دەشارنەوە. ئەمریکا خەڵاتێکی سێ ملیۆن دۆلاری پێشکێش دەکات لە بەرامبەر پێدانی زانیاری لەبارەی هێرشە پلانبۆدانراوەکان یان هێرشەکانی رابردووی دژی دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا."
 
هەژماری عەرەبیی بەشی پاداشت لە پێناو دادپەروەری، ڤیدیۆیێکی لەگەڵ تویتەکەدا هاوپێچ کردووە کە تێیدا ژمارە تەلەفۆنێکی ئەمریکا دەردەکەوێت بۆ ئەوەی خەڵک لە رێگەی واتسئەپ، تەلەگرام و سیگناڵەوە زانیاری بە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بدەن. 
 
بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لە تشرینی ساڵی 2019ـەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەکی و لەمدواییانەش هێرشی درۆنەکان، واشنتنیش بەردەوام گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات،
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 42 هێرش کراونەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەو بنکە سەربازیانەی کە هێزە ئەمریکییەکانی تێدایە، هەندێجاریش کاروانی ئەو هێزە عێراقیانەش بە ئامانجگیراون, کە یارمەتیی لۆجستی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان دەگوازنەوە.
 
دوایین هێرشیان رۆژی چوارشەممە بوو، کە لە رێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا کە هێزە ئەمریکییەکانی تێدایە، هێرشەکە هیچ زیانی گیانی و ماددی لێنەکەوتەوە. 
 
سوپای عێراق دەڵێت یەکێک لەو درۆنانە لە لایەن بەرگریی ئاسمانییەوە خراوەتەخوارەوە. 
 
ئەوە چوارەمین هێرشی درۆنی بوو کە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا بکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق. کە یەکێکیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
 
شارەزایانی سەربازیی ئەمریکی پێیانوایە زیادبوونی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پیشانیدەدات کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هێرشەکانیان دژی بەرژوەندییەکانی ئەمریکا چڕکردووەتەوە.
 
ئەو جۆرە هێرشکردنە هاوشێوەی تەکنیکی هێرشەکانی حوسیەکانی یەمەنە بۆ سەر سعودیەی نەیاری ئێران. هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە یەکەم هێرش بوو بە درۆن کە لە نێو پایەتەختی عیراق بکرێت. 
 
هەروەها هەر لە رۆژی چوارشەممە، پێنج مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازیی بەلەدکران. بە گوێرەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هێرشەکە هیچ زیانێکی لێ نەکەوتەوە.  
 
بنکەی ئاسمانیی بەلەد هێندە کراوەتە ئامانج کە کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمریکی مانگی رابردوو بۆ پاراستنی سەلامەتیی ئەندامەکانی، بنکەکەی بەجێهێشت. 
 
کۆمپانیای لۆکهید مارتن تایبەت بوو بە چاککردنەوە و چاودێریکردنی فڕۆکە ئێف 16ـەکانی عێراق. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە