ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆدەبێتەوە

10-06-2018
رووداو @Rudawkurdish
"10 هەزار فەرمانبەر رادەسپێردرێن بۆ ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست"
"10 هەزار فەرمانبەر رادەسپێردرێن بۆ ژماردنەوەی دەنگەکان بەدەست"
نیشانەکردن هەڵبژاردن
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 10-6-2018) کۆدەبێتەوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو دادوەرانەی رادەسپێدرێن بۆ راپەڕاندنی کاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و، نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکان بۆ سەرپەرشتیکردنی ژماردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی خوولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بەدەست.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو: دادوەرەکان سەرپەرشتی نووسینگەکان دەکەن و 10 هەزار فەرمانبەر رادەسپێردرێن بۆ ژماردنەوەی دەنگەکان لە دەستەی دەستپاکی و چاودێریی دارایی و وەزارەتی پەروەردەوە. پێشبینی دەکرێت رۆژی چوارشەممە ژماردن بە دەست دەستپێبکات و ماوەی دوو هەفتە بخایەنێت.

لەو رۆژەوەی پەرلەمانی عێراق هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد، لایەنەکان هۆشداریدەدەن لە تێکچوونی رەوشی عێراق. دوو تەقینەوە لە ناوچەی سەدر روویانداوە، دوو تەقینەوەش لە کەرکووک. پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو "ئەگەر بڕیارەکانی پەرلەمان جێبەجێ بکرێن، عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەچێت".

هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە دەست کاردانەوەی دروستکردووە، هاوپەیمانیی سائیروون هۆشداری داوە لەوەی دەنگەکانیان دەستکاری بکرێت. 

بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک و کۆنترۆڵکردنی رەوشەکە، رۆژی شەممە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان.

هەموو ئەمانە لەکاتێکدان کە 20 رۆژی دیکە وادەی یاسایی پەرلەمان و حکومەتی عێراق کۆتاییدێت و، عێراق دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە، ئەگەر پەرلەمانی نوێ دانەنیشێت، ئەمەش مەترسی دووبارەبوونەوەی ئاڵۆزی و تووندوتیژی و نیگەرانیی لەناو خەڵک دروستکردووە.


 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە