رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى پارێزگاى نەینەوا دەکات، کێشەکانى ئەو پارێزگایە لەگەڵ بەرپرسانى خۆجێیی و پەرلەمانتارەکانى تاوتوێ دەکات. پەرلەمانتارێکى پارێزگاى نەینەوا دەڵێت: "پرسی بەڕێوەبەرى ناحیەى باشیک یەکێک دەبێت لەو پرسانەى سوودانى لە نەینەوا تاوتوێى دەکات".
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو؛ بڕیارە پاشنیوەڕۆى رۆژی 12ـى ئایارى 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران عێراق سەردانى نەینەوا بکات و کاژێر سێى پاشنیوەڕۆ لە باڵەخانەى پارێزگارى شارەکە لەگەڵ بەرپرسانى خۆجێیی و پەرلەمانتارانى پارێزگاکە کۆببێتەوە.
شێروان دووبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد شیاع سوودانى کێشەکانى پارێزگاى نەینەوا و پڕۆژەى نەخۆشخانەى ئیبن سینا و پڕۆژەیەکى دیکەى پردى یەکتربڕ لەگەڵ پەرلەمانتاران تاوتوێ دەکات.
بەگوێرەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023، پشکى پارەى تەرخانکراوى نەینەوا 604 ملیار دینارە، کە دووەم گەورەترین پارێزگایە لە عێراق لەدواى بەغدا.
شێروان دووبەردانى گوتى: "یەکێکى دیکە لەو پرسانەى لە کۆبوونەوەى پەرلەمانتاران لەگەڵ سوودانى تاوتوێ دەکرێت، پۆستى بەڕێوەبەرى ناحیەى باشیک دەبێت."
رۆژی 27ـى نیسانى 2023، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا شاندێک لە نووسینگەکەى رەوانەى ناحیەى باشیک بکات، بەمەبەستى ئاگاداربوون لە کێشە کارگێڕییەکانی ناحیەکە و چارەسەرکردنیان.
رۆژی 31ـى ئادارى 2023، زەنون یوسف، بەڕێوەبەرى ناحیەى پێشووى باشیک خانەنیشن کرا و غەزوان داودی لە شوێنەکەی دانرا، کە هەردووکیان کوردی شەبەکن، ئەو هەنگاوە ناڕەزایی بەرەیەکى دیکەى کوردى شەبەکى لێکەوتەوە، کە ئەو پۆستە بە مافی خۆیان دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ