عێراق
پزیشکێک لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر چاودێریی منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەکات. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتال
بەڕێوەبەری گشتیی جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق رایدەگەیێنێت، رێژەی لەدایکبوون لە هەرێمی کوردستان لەچاو پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا کەمترە و رێژەی گەشەسەندنی دانیشتووانیش لە پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق کەمترینە.
سەمیر خزەیر، بەڕێوەبەری گشتیی جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "گەنجان بەشێکی زۆری دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن کە زیاتر لە 50%ن. کۆمەڵگەی عێراق کۆمەڵگەیەکی گەنجە. لەدایکبوون لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەمترە. رێژەی گەشەکردنی دانیشتووانیش لە پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق کەمترینە و لە پارێزگاکانی میسان و موسەنا زۆرترینە."
بەڕێوەبەری گشتیی جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، لە ساڵی 2019دا دەستیان کردووە بە ئامادەکاری بۆ سەرژمێریی دانیشتووان، ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕیار وابوو مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 دەست بە کار بکرێت، بەڵام بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە نەکرا. بۆ ساڵی 2020 دواخرا، دیسانەوە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و کێشەی بودجەوە نەکرا. ئێستا تیمی ئامادەساز کار لەسەر تەواوکردنی هەموو بەرنامەکە دەکەن."
بە گوتەی سەمیر خزەیر، لە ساڵی 2021ـدا لە پارێزگاکانی دهۆک و کەربەلا تاقیکردنەوەی ئەلیکترۆنییان کردووە و لە پارێزگای بەغداد و ناوچەکانی پەنابەرانیش تاقیکردنەوەیەکی دەرەکییان کردووە بۆئەوەی هەندێک بەرچاوڕوونییان بێتە دەست.
لە عێراق دوایین سەرژمێریی سەرتاسەری لە ساڵی 1987دا کراوە. لە ساڵی 1997دا سەرژمێری کراوە کە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی تێدا نەبووە.
بەڕێوەبەری گشتیی جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق گوتیشی، "ساڵی 2010یش قۆناخی یەکەمی سەرژمێری جێبەجێ کرا کە لەڕێگەیەوە چوارچێوەیەکی تایبەتمان لەبارەی ژمارەی خێزان و کەسەکانەوە دەستکەوت کە توانیمان کۆمەڵێک کاری باشیان لەسەر بکەین."
سەمیر خزەیر ئەوەی خستەڕوو، "بەردەوام پێداچوونەوە بۆ ئەو ژمارانە دەکەین، ئەوەیش بەهۆی ئەو گۆڕانە دیمۆگرافییانەی لە پارێزگاکاندا روویانداوە."
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەش کرد، زیادبوونێکی هەڕەمەکی لە ژمارەی دانیشتوواندا هەیە کە ئەوە ئاساییە، بەڵام دەبێت هەوڵبدەین ئەو زیادبوونە بە بەرنامە بێت و هەڕەمەکی نەبێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق، دانیشتووانی بەغدا چوار-یەکی ژمارەی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن و پارێزگاکانی نەینەوا، بەسرە و سلێمانی بە ریزبەندی لەدوای ئەوەوەن. سەمیر خزەیر جەختی لەوە کردەوە، پێویستە خەڵکی هۆشیار بکرێنەوە لە زیادبوونی منداڵبوونی هەڕەمەکی و، رێگە لە بەشوودانی کچانی کەمتەمەن بگیرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی جێبەجێکاری سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق ئاشکرای دەکات، ئێستا رێژەی ئەندامانی خێزان لە عێراقدا شەش کەسە بۆ هەر خێزانێک؛ لە شار ژمارەکە کەمترە و خێزانە گەورەکان زیاتر لە گوندەکاندان. گوتیشی، "شارنشینان 70%ی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن و ئەوی دیکەی گوندنشینە، بەڵام منداڵبوون لەنێو شارنشیناندا کەمترە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ