پێكدادان لە باكووری پاڵاوگەی بێجی بەردەوامە
رووداو ـ هەولێر
ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی هۆزەكان، تەواوی زنجیرە چیای حەمرینیان كۆنتڕۆڵكردەوە، كە دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن چەكدارانی سەر بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش كۆنترۆڵكرابوو.
رەشید بەیاتی ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەپاڵپشتی هێزەكانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی هۆزەكان، لە هەڵمەتێكی سەربازیدا تەواوی زنجیرەچیای حەمرینیان كۆنترۆڵكردەوە، كە لەلایەن چەكدارانی داعش كۆنتڕۆڵكرابوو و لە ئاكامدا 30 چەكداری داعش كوژران، سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی 5 ئۆتۆمبێلی دۆشكەهەڵگر و كۆمەڵێك كەرەستەی سەربازی".
سەبارەت بەو هێزە ئەمنییەی چەند رۆژێكە لە نێو پاڵاوگەی بێجی لەلایەن چەكدارانی داعش گەمارۆدراون، رەشید بەیاتی گوتی "ئەمڕۆ هێزێكی سەربازی گەورە رەوانەی ناوچەكە كراو توانییان ئەو هێزە ئەمنییە رزگاربكەن، كە لەلایەن چەكدارانی داعش گەمارۆدرابوون، ئێستا پێكدادان لە باكووری پاڵاوگەی بێجی بەردەوامە، هەروەها رەوشەکە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكاندایە".
سەرەڕای چەند ناوچەیەكی شارۆچكەی بێجی ، چەكدارانی داعش بەشێكی زۆری پاڵاوگەی بێجیشیان بەدەستەوەیە، بۆیە بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی پاڵاوگەی بێجی و رزگاركردنی ئەو هێزە ئەمنییەی لەنێو پاڵاوگەكە لەلایەن چەكدارانی داعش گەمارۆدراون ، هێزە ئەمنییەكان هێرشەكانیان لەو ناوچەیە چڕكردووەتەوە.