عەلاوی داوای ئازادکردنی بەرپرسێكی رژێمی بەعس دەکات

رووداو - ئاژانسەکان

عەلاوی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بەرپرسانی پێشووی رژێمی عێراق کە لەزیندانەکان عێراقدا بەندکراون، ئازادبکات، پێشیوایە ئازادکردنی وەزیری پێشووتری عێراق دەبێتە هەنگاوێکی باش بۆ بەشداریکردنی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.

ئەیاد عەلاوی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق، رۆژی یەکشەممە 10 ی ئایاری 2015، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لە کۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کە بەر لە چەند هەفتەیەک سازدرا، داوام لە سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی کرد، هەندێک لە بەرپرسانی پێشووی رژێمی عێراق کە لە زیندانییەکانی عێراق بەندکراون ئازادبکات، بەو پێیەی خاوەن قورسایی کۆمەڵایەتی و سەربازین لەنێو کۆمەڵگەی خۆیاندا، بۆ لێدانی داعش".

عەلاوی گوتیشی:" داوامکرد سوڵتان هاشمی وەزیری بەرگریی پێشووی عێراق، لەپێناو بەشداریکردن لە ستراتیژیەتی رووبەڕووبوونەوەی داعش ئازادبکات". بەبێ ئەوەی باس لە وەڵامی عەبادی بکات لەبەرامبەر داواکارییەکەی.

جێگری سەرۆککۆماری عێراق روونیکردەوە، ئازادکردنی ئەو بەرپرسانەی پێشوو، دەبێتە پاڵپشتێکی دەروونیی و سەربازی دژ بە چەکدارانی داعش، بەتایبەت لەناوچە سوننەنشینەکانی وەکو موسڵ و پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەدین، کە چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری خاکەکانیان داگرتووە.