هۆزی بەنی ئەسەد: مەزاری ئیمامی حوسێن و عەباسمان دەوێتەوە

10-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هۆزێکی عێراقی داوای هەردوو عەتەبەی حوسێنی و عەباسی لە کەربەلا دەکات و دەڵێت، زەوییەکەی موڵکی ئەوانە و دەبێت ئەوان سەرپەرشتیی ئەو دوو مەزارە بکەن، داواکارییەکە کە بە"سەیر" لەلایەن هەندێکەوە تەماشا دەکرێت لە عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکان کراوە.
 
هۆزی بەنی ئەسەد، کە یەکێکە لە هۆزە گەورەکانی عێراق و پارێزگای کەربەلا، دوای بەستنی کۆنفرانسێکی گشتیی هۆزەکە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە ژمارەیەک سەرۆک هۆزی تێدا دەردەکەوێت، راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفڕانسەکە لەلایەن سەرۆک هۆزێکەوە دەخوێندرێتەوە.
 
هۆزەکە دەڵێت، زەوی ئەو دوو مەزارە موڵکی ئەوان بووە و لە ساڵی 61ـی کۆچی لەلایەن ئیمام حوسێن کوڕی عەلی ئەبو تاڵیب، چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلام لێیان کڕدراوە.
 
رووی دەمی دەکاتە عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکان و دەڵێت، "هەردوو عەتەبەی حوسێنی و عەباسی، باپیرەتان ئیمامی حوسێن کاتێک لە ساڵی 61ـی کۆچی هاتووەتە عێراق و لە کەربەلا وەستا کە موڵکی بەنی ئەسەد بوو دواتر بە 60 هەزار دینار لێیان کڕدرا و بە گرێبەستی فەرمی دوای ئەوەی ئیمام حوسێن رەتیکردووەتەوە بە دیاری وەریبگرێت."
 
ئەو سەرۆکهۆزە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەوان لە سەرپەرشتیکردن و خزمەتکردنی مەزارەکان تاوەکو ساڵی 1025 بەردەوام بوون و دواتر لەلایەن عوسمانییەکانەوە لێیانوەرگیراوەتەوە و خۆیان بە ستەملێکراو ناودەبەن و داوا دەکەن ئەو دوو مەزارەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
 
سەرۆکهۆزەکە هەروەها دەڵێت، "بە هۆکاری مەزهەبی، عوسمانییەکان سەرپەرشتیکردنی مەزارەکانیان لە بەنی ئەسەد وەرگرتەوە"، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دەکەن لەکاتێکدا ئەگەر گوێیان بۆ نەگیرێت.
 
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مامەڵەی گونجاویان لەگەڵدا ناکرێت، بۆیە بەپێی راگەیێندراوەکەیان "دەبێت نوێنەرایەتیمان لەنێو مەزارەکان هەبێت."
 
 لە عێراق ژمارەیەک مەزار هەن کە عەتەبەیان بۆ دروستکراوە "پەیکەرێکی بەڕێوەبردنە"، لەوانە عەتەبەی عەلەوی کە سەرپەرشتی مەزاری عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب دەکات، عەتەبەی حوسێنی کە سەرپەرشتی مەزاری حوسێنی کوڕی عەلی دەکات، مەزاری عەباس و عەسکەریی و کازمیش لە کەربەلا و نەجەف و سامەڕا و بەغدا هەن.
 
ئیمام حوسێن کوڕى عەلى کوڕى ئەبو تاڵیب، سێیەم ئیمامى شیعەکانە، بەلای شیعەکانەوە لە دیارترین ئەو کەس و ئیمامانەیە کە بایەخی زۆری پێدەدرێت، ساڵانە شیعەکانی جیهان لە چلەى کوژرانیدا سەردانی مەزارگەکەی لە کەربەلا دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت