رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر لە نوێترین نووسراویدا، کە بۆ دەرکردنی یەکێک لە پیاوانی ئایینی رەوتەکەی دەریکردووە، ناوی رەوتی سەدری بۆ "رەوتی نیشتمانیی شیعە" گۆڕیوە.
بەپێی نووسراوەکە کە رۆژی چوارشەممە، 1ی شەوالی 1445ـی کۆچی کە بەرامبەرە بە 10ـی نیسانی 2024 دەریکردووە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین نووسراو، کە بە دەستوخەتی خۆی نووسراوە، ناوی رەوتەکەی گۆڕیوە.
نووسراوەکە تایبەتە بە دەرکردنی پیاوێکی ئایینی بەناوی عیماد جەمیل ئەسەدی، تێیدا هاتووە، "بەهۆی پابەندنەبوونی بە پرەنسیپەکانی حەوزەی زانستیی و رەوشت و ئادابی گشتی و دەستدرێژیکردنە سەر قوتابیانی خۆشەویست و دەستدرێژیکردنە سەر نوێژی هەینی، عیماد ئەسەدی لە سەرجەم جومگەکانی رەوتی نیشتمانیی شیعە دەستبەجێ دەردەکرێت".
بەپێی نووسراوەکە، ئەو کەسە لە رۆژی دەرچوونی نووسراوەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ سڕ دەکرێت، داوا لە لایەنگرانی دەکات، "پێویستە لەسەر هەمووان لە کارە خراپەکانی هاوئاهەنگی لەگەڵدا نەکەن."
موقتەدا سەدر لە نووسراوکەیدا کە واژۆ و مۆری کەسیی خۆشی لەسەرە دەڵێت، "کەسێک داوای جێبەجێکردنی پێویستییەکانی بکات، مانای ئەوە نییە بەو شێوەیە هێرشبکاتە سەر ئەوانی دیکە و بە ناهەق پەنا بباتە بەر راگەیاندن."
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021، بە بەدەستهێنانی 73 کورسی پەرلەمانی عێراق بووە هێزی یەکەم، لە رۆژی 15ـی حوزەیرانی 2022، کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی راگەیاند و لەو کاتەوە جار جار داوای خۆپێشاندان و نوێژی یەکگرتوویی دەکات.
رۆژی 14ى نیسانى 2023 موقتەدا سەدر هەژمارى تایبەتى خۆى لە تویتەر داخست و رایگەیاند، بۆ ماوەى ساڵێک رەوتەکەى سڕ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ