پارێزگارى ئەنبار بانگهێشتی دادگە دەکرێت
رووداو – هەولێر
دەستەى دەستپاکیى عێراق دەڵێت، فەرمانى بانگهێشتکردنی پارێزگارى ئەنبار بۆ بەردەم دادوەر دەرکراوە، ئەویش لە چوارچێوەى دۆسیەى پێشێلکارییەکانى بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارى خانووبەرەى ئەو پارێزگایە. ئەندامێکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "زەویى گرانبەها بەشێوەى نایاسایی فرۆشراوە."
رۆژی 10ى نیسانى 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵى بەگوێرەى مادەى 340ى یاساى سزادانى عێراق، فەرمانى بانگکردنی پارێزگارى ئەنباری بۆ بەردەم دادگە دەرکردووە، ئەوەش بەهۆی دابەشکردنى پارچە زەوى لە دەوروبەرى فڕۆکەخانەى ئەنبار کە هێشتا دروستنەکراوە.
پێشتر لە 4ى نیسانى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەى ئەنبار و ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەرى ئەو بەڕێوەبەرایەتییەى دەستگیرکردووە، ئەوەش لە چوارچێوەى هەمان دۆسیەدا و سەتان ناسنامەى ساختەى یەکێک لە سەندیکاکان و دەیان هەزار مامەڵەى بەناوکردنى نایاسایی زەوى دەستیان بەسەردا گیراوە.
عەلى فەرحان دلێمى کە هاوکات ئەمینداریى پارتى گردبوونەوەى هاریکارییە، لە ساڵى 2018 وەک پارێزگارى ئەو پارێزگا سوننەنشینە دەستبەکاربوو.
باسم خەشان، ئەندامى لیژنەى دەستپاکى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو دۆسیەیە پەیوەندیدارە بە فرۆشتنى زەویى گرانبەها بە شێوەیەکى نایاسایی لەلایەن ژمارەیەک بەرپرسى ئەو پارێزگایەوە.
باسم خەشان گوتیشی: "فرۆشتنى ئەو زەویانە بەشێوەیەکى نایاسایی کراوە".
بەگوێرەى مادەى 340ى یاسای سزادانى عێراق، هەر فەرمانبەرێک لە راپەڕاندنى ئەرکەکانیدا زیان بەو شوێنە بگەیێنێت کە کارى تێدا دەکات سزاکەى بەندکردنە بەو مەرجەى لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.