کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ دوای 38 ساڵ شوێنەوارێکی کوردانی ئێزدی بەدەردەخاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای تێپەڕینی 38 ساڵ، جارێکی دیکە گۆڕستانێک و مەزارگەی گوندی خانکێی کۆن لە شارۆچکەی خانکێ دەرکەوتنەوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ.
 
شێخ خەڵات، خزمەتکار (مجێور)ـی گۆڕستانەکە بووە لە تەمەنی 11 ساڵیدا، ناوی لەسەر کێلەکان نووسیوە، ئێستاش دوای دووبارە دەرکەوتنەوەی گۆڕستانەکە، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ، جارێکی دیکە هاتووەتە گۆڕستانەکە و دووبارە ناوەکان بە بۆیە دەنووسێتەوە.
 
خەڵات خدر، مجێوری گۆڕستانەکە دەڵێ "باب و باپیرانی ئێمە ئەم کارەیان دەکرد و ئێمەش هەروا. ئێمە بە پێ لە خانکێوە دەهاتین، هەرچەندە رێگاکە سەد لە سەدی ئاسایشی تێدا نەبوو، بەڵام دەهاتین، لەبەرئەوەی ئەوە ئەرکی سەر شانمان بوو کە ئێوارانی چوارشەم بێین و چرا لە گۆڕستانەکەدا هەڵکەین".
 
هەرچەندە 38 ساڵ بوو گۆڕستان و مەزارەکە لەنێو ئاودا نقووم ببوون، بەڵام دوای دەرکەوتنەوەیان جارێکی دیکە کەسوکاری ئەوانەی لە گۆڕستانەکەدا نێژراون، سەردانی گۆڕستانەکە دەکەن.
 
بەنداوی موسڵ لە ساڵی 1984 لەسەر رووباری دیجلە دروستکراوە و توانای گلدانەوەی شەش بۆ 11 ملیار مەترسێجا ئاوی هەیە، دوای ساڵێک لە دروستکردنیشی، ئاوی بەنداوەکە گوندی خانکێی کۆنی داپۆشی.
 
کەمی بارانبارین لەماوەی چوار ساڵی رابردوو، سەرەڕای بەرنەدانەوەی بڕی تەواوی ئاو لەلایەن تورکیاوە، هەروەها پشتبەستنی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە ئاوی بەنداوەکە، بوونەتە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ بەجۆرێک بەپێی زانیارییەکان ئێستا تەنیا بە رێژەی 30٪ ئاوی تێدایە.
 
کەمبوونەوەی ئاستی ئاو، هەروەها قوتابخانەی کۆنی گوندی خانکێی بەدیارخستووەتەوە. جەمیل عنجوول یەکێکە لەو قوتابییانەی لەو قوتابخانەیە خوێندوویەتی و، دەڵێ "هەستێکی خۆشە و بیرەوەرییەکی خۆشە کە بە بیرمان دێتەوە. من، لە پۆلی یەکی سەرەتایی تاوەکو پۆلی پێنج لێرە خوێندوومە. دواتر پۆلی شەشم لە قوتابخانە نوێیەکەی گوند تەواوکرد، کە دوای ئەم قوتابخانەیە کرایەوە".
 
بەنداوی موسڵ لەسەر رووبەری نزیکەی 380 کیلۆمەتر چوارگۆشە دروستکراوە و گوندەکانی: گرهۆل، بلۆرسات، گرەپۆر، و دەیان گوندی دیکەی ئەو سنوورەی ژێرئاوخستووە.