رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی دۆسیەی کڕینی هۆتێلێک لە هەولێر دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چوار بەرپرسی وەقفی سوننەی بە زیندانیکردن سزا داوە کە سزای یەکێکیان چوار ساڵە. ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "لێکۆڵینەوە بەردەوامە و کەسانی دیکەش تێوەگلاون."
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 9-3-2023 رایگەیاند: دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای چوار ساڵ زیندانیی تووندی بەسەر جێگری بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی بەڕێوەبردن و وەبەرهێنان لە پارەکانی وەقفی سوننە دەرکردووە.
هۆکاری سزادانی ئەو بەرپرسە، وەک دەستەکە ئاماژەی پێکردووە: "گوشاری خستووەتە سەر فەرمانبەرانی فەرمانگەکەی بەمەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنەکانی کڕین و فرۆشتنی هۆتێل رامادا لە هەرێمی کوردستان، سەرباری نەبوونی هیچ سوودێکی ئابووری و رووپۆشێکی دارایی بۆ ئەو بابەتەکە" کە دەستەکە پێیوایە "ئەو کارە پێچەوانەی رێنماییەکانی دیوانی چاودێریی داراییە."
هەر بەپێی دەستەی دەستپاکیی عێراق، سێ ژمێریاری وەقفەکە هەر یەکەیان بە یەک ساڵ بەندکردن سزا دراون، بەهۆی ئەوەی بە پێچەوانەی رێنماییەکان بەڵگەنامەکانی کڕینی هۆتێلەکەیان واژۆ کردووە.
ئەو کەسانە بەپێی مادە 331 لە یاسای سزادانی عێراق کە تایبەتە بە کەمتەرخەمی لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکان و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و تایبەت، سزادراون، بەڵام دادگەکە بڕیاری داوە سزای یەکێک لە سزادراوان رابگیرێت.
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق، رۆژی هەینی 10-3-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەسانی دیکە لەو پرسە تێوەگلاون، لێکۆڵینەوە بەردەوامە، بەرپرسی دیکە ماون سزا بدرێن و ژمارەیەک پەرلەمانتار چەندین کەیس و دۆسیەی گەندەڵیی وەقفەکەیان داوەتە دەستەی دەستپاکی. کڕینی ئەو هۆتێلە کە هیچ پێویست نەبووە یەکێکە لەو دۆسیانە."
رۆژی دووشەممە 27-2-2023، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردن و سزادانی دوو بەرپرسی وەقفی سوننەوە دەرکرد کە لە سەرپێچییەکانی دۆسیەی کڕینی هۆتێل رامادا لە هەولێر تێوەگلاون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبووە: "دادگەی ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی پارەکانی وەقفی سوننە بە سێ ساڵ بەندکردن سزا دا، چونکە رێگر نەبووە لەو رێوشوێنە هەڵانەی لە کڕینی هۆتێل رامادا کراوە و واژۆی لەسەر گرێبەستی کڕین بە پێچەوانەی یاسا کردووە."
پێشتر دەستەی دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردن و هێنانەبەردەم دەستەی بۆ سەرۆکی یەکێک لە دیوانەکانی وەقفی سوننە دەرکرد بەتۆمەتی زیانگەیاندن بە سامان و بەرژەوەندییەکانی ئەو شوێنانەی کاری تێدا دەکەن، جگە لە قەدەخەکردنی گەشتکردن لەو بەرپرسانە.
بەپێی گرێبەستێک، کە رۆژی 15-8-2021 کراوە، دەستەی وەقفی سوننە کە دامەزراوەیەکی دەوڵەتی عێراقە، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک بەناوی SM بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری و بەڕێوەبەردنی موڵکەکان کردووە و تێیدا هۆتێل رامادا لە شاری هەولێر بەبڕی 47 ملیار دینار فرۆشراوە بە وەقفی سوننە، کە بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی پارەکانی وەقفەکە، واژۆی لەسەر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ