پەرلەمانتارێکی کورد: بەستنەوەی پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی بە بودجەوە رەتدەکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ساڵی 2021 تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا بودجەی ئەو ساڵە پەسندنەکراوە، یەکێک لە کێشەکانیش ئەوەیە کە لایەنە شیعەکان داوا دەکەن پێش تێپەڕاندنی بودجە پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی تێپەڕێنرێت، پەرلەمانتارێکی پارتیش رایدەگەیێنیت، بابەتی بەستنەوەی پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە پرۆژە یاسای بودجەوە بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوە.
 
رێبوار هادی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بابەتی بەستنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە پرۆژە یاسای بودجەوە لای ئێمە بە هەموو شێوەیەک رەتدەکرێتەوە، چونکە ئەگەر لایەنە شیعەکان پێیانوابێت ئێمە سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین بەرامبەر بەوەی دوو ماددەمان لە بودجەدا بۆ تێدەپەڕێنن و بودجەمان بۆ بنێرن ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوەمان قبووڵ نییە".
 
رێبوار هادی، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی یاساییە لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە: "یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بابەتێکە و پرۆژەیاسای بودجە بابەتێکی دیکەیە ناکرێت بەیەکدی ببەسترێنەوە".
 
لای خۆیەوە جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هیوای کوردستانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشێک لە لایەنە شیعەکان لە نێویاندا رەوتی سەدر، تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەیان بەستووەتەوە بە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی".
 
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە 9 ئەندام پێکهاتووە؛ 3 شیعە، 2 کورد، 2 سوننە و تورکمانێک و کریستیانێک، بەڵام ئێستا دوو ئەندامی دادگاکە نەماون، بۆیە دادگاکە ناتوانێت کۆببێتەوە و بڕیاربدات، چونکە بەپێی یاسای دادگاکە، دادگای فیدراڵ دەبێ بە ئامادەبوون و بەشداربوونی سەرۆک و هەموو ئەندامانی کۆببێتەوە و بڕیاربدات. 
 
یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە 24 ماددە پێکهاتووە، تاوەکو ئێستا 21 ماددە پەسندکراون، 3 ماددە ماون، کە بریتین لە ماددەکانی 2 و 3 و 12.
 
ماددەی 2 پەیوەستە بە پێکهاتەی دادگای فیدراڵی، کە چەند بابەتێک لەخۆ دەگرێت وەکو: ئایا دادگەی فیدراڵی لە کێ پێکدێت، لە چەند دادوەر و شارەزای شەرعی پێکدێت، لە چەند شارەزای یاسایی پێکدێت، ئایا لە کوێ دەنگدەدەن، دەنگدەدەن یاخود تەنیا راوێژ دەکەن، لە چ کات و بابەتێک قسە دەکەن، شارەزایانی شەرعی ئیسلامی ئایا مافی راوێژیان هەیە یاخود دەتوانن دەنگیشبدەن، ئەگەر مافی دەنگدانیان هەیە لە کوێ مافی دەنگیان هەیە. تاوەکو ئێستا ئەمە یەکلایی نەبووەتەوە و کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەر لەسەر ئەو بابەتە بوو. 
 
یەکێکی دیکە لە ماددە کێشە لەسەرەکان ماددەی 3ـیە کە پەیوەستە بەوەی کێ مافی دیاریکردنی ئەندامانی دادگاکەی هەیە، کێ دایاندەمەزرێنێت، هەندێک لایەن دەڵێن: ناوەکان لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان پێشنیاز دەکرێت و سەرۆککۆمار بۆچوون و دەنگی لەسەر دەدات، هەندێکی لایەنی دیکەش دەڵێن: ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان پێشنیازی دەکات و پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات، پاشان سەرۆککۆمار مەرسوومی کۆماریی بۆ دەردەکات، هەردوو بۆچوونەکە باسکران، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام.
 
هەروەها لەسەر ماددەی 12 بەهەمان شێوە کێشە هەیە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، کە میکانزمی بڕیاردانە، بەچ شێوەیەک دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات، ئایا لە هەموو بابەتەکاندا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ دەبێت یاخود زۆرینەی سادە. 
 
بەپێی ماددەی 93ـی دەستووری عێراق، دادگای فیدراڵی 8 ئەرکی سەرەکی هەیە، کە دیارترینیان پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئێوارەی رۆژی دووشەممەی رابردووی پەرلەماندا بڕیاری دا دەنگدان لەسەر ئەو سێ ماددەیەی دادگای باڵای فیدراڵی کە ماون و لەگەڵ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بخرێنە بەرنامەی کاری رۆژی دووشەممە 15ی ئاداری داهاتووی پەرلەمانەوە. 
 
پرۆژە یاسای بودجەی 2021 خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدانی ماوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاساکەدا یەکلایی نەکراوەتەوە.
 
بەپێی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان کراوە، هەرێمی کوردستان جگە لە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ، دەبێت 50%ـی داهاتی دەروازەکان و داهاتی فیدراڵی دیکەی هەرێمی کوردستان رادەستی حکومەتی عێراق بکات، دەبێت شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2004 وە تاوەکو 2020 یەکلاییبکرێنەوە، ئەوکات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.