رەیان کلدانی: ئێمەی کریستیان عێراق جێناهێڵین و چی دیکە بێدەنگ نابین

رووداو-هەولێر

سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلیوون لە عێراق رەیان کلدانی لە بەرامبەر کوشتنی خێزانێکی کریستیان لە بەغدا رایگەیاند ، کریستیانەکانی عێراق جێناهێڵین و چی دیکە بێدەنگ نابین.

سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلیوون کە گرووپێکی چەکداری هەیە و بەشێکە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق ، ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "لە خاچدانی مەسیح رێبازمانە و وڵاتەکەمان جێناهێڵین و هەرچییەک بکەن بۆ کریستیانەکان لە عێراق نوێ نییە".

رەیان کلدانی ، سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلیوون هۆشداریی دا لە بێدەنگ نەبوونیان لەو رووداوانە و گوتیشی: "نە کوشتن و نە رفاندن و نە بەئامانجکردن، بەڵام ئێمە لەئەمڕۆ بەدواوە بێدەنگ نابین، هەستمان بەو پەڕی توڕەیی و دڵگرانیی کرد بە هەواڵی کوشتارگە دڵتەزێنەکەی مەشتەل لە بەغدا کە دکتۆر هیشام شەفیق مەسکوونی و هاوسەرەکەی شەزا و دایکی سەربڕدران".

رەیان کلدانی باسی لەوەش کرد: "ئەم تاوانانە تەنیا یەک واتایان هەیە، کە ترساندنی خەڵکی ئێمەیە بۆ ناچارکردنیان بۆ جێهێشتنی وڵاتەکەیان، بەڵام بە تاوانکاران دەڵێم شکستخواردوون و دەستتان بشکێت".

سەرۆکی بزووتنەوەی بابیلیوون جەختیشی کردەوە: "ئەگەر حکومەت ناتوانێ خەڵکی ئێمە بپارێزێت، ئەوا بەرگریکاران دەتوانن و رۆژان و گۆڕەپانەکان باشترین شایەدن و هەموو گەلەکەمان کریستیانەکان دەپارێزێ".

شەوی پێنجشەممەی رابردوو دکتۆرێکی کریستیان و هاوسەرەکەی و دایکی لە ماڵی خۆیان لە ناوچەی مەشتەل لە بەغدا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بە چەقۆ سەربڕدران ، بکوژەکان بڕێکی زێڕ و پارەی خێزانەکەیان بردووە و تاوەکو ئێستا بکوژەکان ئاشکرا نەکراون.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان