سۆران عومەر: پەرلەمانتارە شیعەکان گوتیان لە هەمواری یاسای بودجەدا هەڵوێستمان بەرامبەر کورد دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتنی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی "دەستدرێژییەکانی سەر خاکی عێراق" بەڕێوەچوو و تێیدا فراکسیۆنە شیعییەکان، داوای دەرکردنی هێزە بیانییەکان و هاوکاریکردنی حکومەتیان کرد بۆ خێراترکردنی رێکارەکانی ئەو دەرکردنە. لە دانیشتنەکدا جگە لە شیعەکان، تەنیا دوو کورد و سوننەیەک بەشداربوون.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری و موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو بەشدارییان لە دانیشتەکەدا کرد.
سۆران عومەر بە رووداوی گوت " فراکسیۆنە کوردستانییەکان هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر بایکۆتەکە نەداوە، بۆیە دەترسم لە هەمواری یاسای بودجە کێشەمان بۆ دروستبکات."
سۆران عومەر گوتی، "ژمارەیەک لە پەرلەمانتارە شیعەکان پێیان گوتین، ئێمەش هەڵوێستمان دەبێ و پێویستتان پێمان دەبێت، کە مەبەستیان هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بوو."
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی، " شیعەکان زۆر نیگەرانن لە هەڵوێستی کورد، چونکە ئەوان دەڵێن: لەسەر بۆردوومانەکانی هەولێر هەڵوێستمان هەبووە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، رێککەوتوون کە پێکەوە بەشداری ئەم دانیشتنەی پەرلەمان نەکەن.
160 واژۆ بۆ دانیشتنەکە کۆکرابووەوە
دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو، کە ئێستا بەشێوەیەکی کاتی، سەرۆکایەتیی دانیشتنەکان دەکات.
بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر خاکی عێراق، 160 واژۆ کرابوو کە زۆرترینیان شیعەکان و بەشێکی کەمی سوننەکان بوون، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆ کەمتر لە 100 پەرلەمانتار ئامادەبووە.
پەرلەمانتارێکی نزیکی حیزبوڵڵای عێراق: "ئەمریکا بەردەوامە لەسەر دەستدرێژییەکانی بۆ سەر خاکی عێراق"
لە دانیشتنەکەدا، سعود ساعیدی، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی حقووق کە نوێنەرایەتی حیزبوڵڵای عێراقی دەکات، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و گوتی "ئەمە بەردەوامبوونی ئەمریکایە لەسەر رێبازە دوژمنکارانە دووبارەبووەوەکەی و هەروەها بە بەردەوامبوونی لە پێشێلکردنی هەموو نۆرم و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان."
ساعیدی ئاماژەی بەوەکرد، "ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە لە دەستدرێژییە قێزەونەکانی بۆ سەر خاکی عێراق، لە رێگەی هێرشکردنە سەر پێگە و سەرکردەکانی دامەزراوە حکومییە فەرمییەکان، بێئەوەی گوێ بە هیچ بدات یان سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەمان لەبەرچاوبگرێت."
موحسین مەندەلاوی، کە سەرۆکایەتیی دانیشتنەکەی دەکرد گوتی، "ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستدرێژییە بەردەوامەکانی سەر خاکی عێراق سەرکۆنە و رەتدەکاتەوە لە هەر لایەنێکەوە بێت"
بڕیارەکانی پەرلەمان
پەرلەمانی عێراق، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ هاوکاریکردنی لیژنەی دانوستاندنکاری حکومەت، بۆ خێراکردنی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق. هەروەها پەرلەمان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆدەبنەوە بۆ بانگهێشتکردنی فەرماندە سەربازیی و ئەمنیەکان بۆ گفتوگۆ و هەروەها لێژنەکانی یاسایی و ئایاش و بەرگریی راپۆرتێک لەبارەی چارەنووسی پرۆژەیاسای گۆڕینی ئەرکی هێزە بیانییەکان دەدەنە پەرلەمان.
رۆژی 8ـی ئەم مانگە، عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکە تاوتوێی هێرشەکانی ئەمریکا دەکات، بەتایبەت سێ هێرشی ئەمدواییە کە نزیکەی 20 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکان تێدا کوژراوە، ئەوەی روودەدات پێشێلکارییەکی روونە و دەبێت سنوورێک بۆ ئەمریکا دابنرێت، ئەگەر نا هێرشەکانی بەردەوام دەبن."
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لەدوای 17ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـەوە، واتە دوای 10 رۆژ لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، 169 جار هێزەکانیان لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپێک بەناوی مقاوەمەی ئیسلامیی شیعە لە عێراق کراونەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی 28ـی مانگی رابردوو بەهێزترین بوو کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن.
شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو باقر ساعدی کە فەرماندەیەکی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقی بوو لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی ئەرکان عەلیاوی کە بەرپرسی هەواڵگریی حیزبوڵایە کوژران، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی بەغدا راگەیاند.
رۆژی پێنجشەممە، 4-1-2024 بە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکا لە بەغدا سێ چەکدار کوژران و حەوتی دیکەش بریندار بوون، یەکێک لە کوژراوەکان ئەبو تەقوا بوو کە فەرماندەی لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییە.