بانکی ناوەندیی عێراق: خەرجکردنی پارە لە رێگەی کارتە بانکییەکانەوە سنووردار نییە

رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، هیچ بڕێکی دیاریکراو بۆ خەرجکردن لە سەرجەم فەرمانگەکانی دەوڵەت لەو کارتانەوە نییە، کە بە هەژمارە بانکییەکانەوە بەستراونەتەوە، دەشڵێت، "ئەو هەنگاوە بۆ هاندانی هاووڵاتییانە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانیان و ئاسانکردنی رێکارەکانی پارەدان و وەرگرتنی پارە لە فەرمانگەکانی حکومەت."
 
رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوێکی بۆ سەرجەم بانکەکان نارد و تێیدا لەبارەی کارتی بانکییەوە روونکردنەوەی داوە و دەڵێت، "لە رۆڵی بانکی ناوەندی لە رێکخستنی خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و لەپێناو جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانی وەرچەرخانی ئەلیکترۆنی و ئاراستەکان بە پشتبەستن بە سیستم و میکانیزمەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە جێبەجێکردنی مامەڵە داراییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، بۆ گەرەنتیکردنی ئەوەی پارەدان ئاسان و کاریگەر بێت. 
 
بانکەکە جەخت دەکاتەوە، بەهیچ شێوەیەک بڕ و رادەی بەهای جوڵە داراییە ئەلیکترۆنییەکان ئەوانەی لە رێگەی کارتەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەدرێنە دامەزراوەکانی حکومەت دیاریکراو و کۆت و بەندکراو نییە.
 
کارتى ئەلیکترۆنیى پارە لە رێگەى بانکە حکومى و تایبەتییە مۆڵەتپێداوەکانى بانکى ناوەندیی عێراق دروست دەکرێت، کە هاووڵاتییان لە رێگەى پڕکردنەوەیان مامەڵەی داراییان پێوە دەکەن، بەڵام هەندێکیان بۆ بە قاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق بەکاردەهێندرێن، دواى ئەوەى بە نرخى فەرمى لە بانکى ناوەندى دەکڕدرێن کە 1310 دینارە، لەکاتێکدا بەهاکەى لە بازاڕ زیاتر لە 1530 دینارە.