سەرۆککۆماری عێراق داوا لە ئازەربایجان دەکات دەست بە پێدانی ڤیزا بە دانیشتووانی سلێمانی بکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری عێراق داوا لە ئازەربایجان دەکات میکانیزمەکانی پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان ئاسان بکات و دەست بەپێدانی ڤیزا بە دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی بکاتەوە، باڵیۆزی ئەو وڵاتەش لە عێراق بەڵێنی ئاسانکردنی پێدانی ڤیزا دەکات و رایدەگەیەنێت، کاردەکەن بۆ ئەوەی گەشتی راستەوخۆ لەنێوان باکۆی پایتەختی ئازەربایجان و سلێمانی هەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە نەسیر مەمدوف، باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق کرد. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار لە دیدارەکەدا باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و گەشەپێدانیان کرا، سەرۆککۆمار جەختی لەو دەرفەتانە کردووەتەوە، کە لەبەردەستدایە بۆ فراوانکردنی هاوئاهەنگیی دوو قۆڵی لەسەر ئاستەکانی سیاسی و ئابووری و کولتووری و گەشتیاری.
 
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆککۆماری عێراق داوای کردووە، "پێویستە ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییان بکرێت بۆ ئەوەی سەرجەم شارەکان بەتایبەت سلێمانی بگرێتەوە، کە دانیشتووانی کێشەی پێدانی ڤیزای ئازەربایجانیان هەیە."
 
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی وڵاتەکەی ئارەزووی بەردەوامیدان و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ عێراق.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، باڵیۆزی ئازەربایجان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، گرنگە ڤیزا بدرێتە سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق لەنێویاندا دانیشتووانی سلێمانی و ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر لەمبارەیەوە ئاسانبکرێن، هەروەها گوتوویەتی، کار بۆ کردنەوەی هێڵێکی راستەخۆی گەشتکردن لەنێوان باکۆ و سلێمانی دەکرێت.
 
ساڵی رابردوو ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتیاری نامەیەکیان بۆ سەرۆککۆمار نارد بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکرێت لە پێدانی ڤیزای ئازەربایجان بە دانیشتووانی سلێمانی، کە بە گوتەی ئەو نۆ کۆمپانیایە هاونیشتمانییان ئەوانەی پاسپۆرتیان لە سلێمانییەوە دەرچووبێت ڤیزایان پێنادرێت و رەتدەکرێتەوە.
 
سەرچاوەیەک لە یەکێک لەو کۆمپانیایانە، رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، بە رووداوی گوت، "ئەوەی هەیە ماوەیەکە هەستدەکرێت ئەو هاووڵاتییانەی پاسپۆرتی سلێمانییان هەیە و داوای ڤیزای ئازەربایجان دەکەن پێیاننادرێت و رەتدەکرێتەوە، لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە پێدانی ڤیزا راوەستا، بەڵام لە ساڵی رابردوو دەستیپێکرایەوە، کەچی دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی ناگرێتەوە و هۆکارەکەشی نازاندرێت."
 
پێنەدانی ڤیزا بە دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، 23-12-2023، هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ شەش مانگی دیکە و تاوەکو 22ـی 6ـی 2024 درێژکردەوە. کە لە  3ـی نیسانی 2023، کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرت. 
 
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان [قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران] چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبووە.