ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دینار کاڵا بفرۆشێت
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دا، لەنێویاندا، فرۆشتنی کاڵا و خزمەتگوزارییە نێوخۆییەکان بە دینار دەبێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 10ی کانوونی دووەمی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دووەم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە ساڵی 2023دا بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی ئەنجامدا و تێیدا تاوتوێی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕ و توانای کڕینی هاووڵاتییان کرا، جەخت لە گرتنەبەری چەند رێکارێکی پێویستیش بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە کراوەتەوە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیاردرا بە پابەندکردنی سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان بە فرۆشتنی سەرجەم کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی نێوخۆی عێراق بە دینار و بەو نرخەی بانکی ناوەندیی عێراق دیاریی کردووە کە 147 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک.
هەروەها فرۆشتنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تایبەت، بەتایبەتی فەرمانگەکانی هێڵی ئاسمانی، ناوەندە بازرگانییەکان، کۆمپانیاکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت و فرۆشتنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان بە دیناری عێراقی و بەو نرخە دەبێت کە بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری لەسەر داوە.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بانکی ناوەندیی عێراق دۆلار بەو لایەنانە دەفرۆشێت کە خۆی مۆڵەتی پێداون بە نرخی 146 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار، هەروەها 145500 دینار لە بەرامبەر هەر 100 دۆلار بۆ داپۆشینی قەرزە بەڵگەنامەییەکان، بەو مەرجەی ئەو لایەنانە بەڵێننامە بدەن بە فرۆشتنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان بە دیناری عێراقی و راگەیاندنی نرخەکانیان بە دیناری عێراقی لە رێگەی ماڵپەڕە فەرمییەکانیانەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رێکارە تایبەتەکانی دیکەی بانکی ناوەندیی عێراق کرا بۆ پرسی حەواڵەی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق لەلایەن کۆمپانیاکانەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری نوێی لەبارەی دامەزراندنی هەمیشەیی بەشێک لە فەرمانبەرە گرێبەستەکان و خانەنشینکردنی بەشێکی دیکەیان دا؛ هەروەها جێبەجێکردنی بابەتی پلانی زستانەی کشتوکاڵ و ئاودێری و دەرکردنی رێنوێنیی نوێ و چاودێریکردنی خشتەی کارەکان و چاوخشاندنەوە بە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان خرانە بەرباس.