رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق پێشوازی لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەکات و پیرۆزباییش لە هەریەکە لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان؛ حاکم زاملی، جێگری یەکەم و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەکات.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 10-01-2022 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رۆڵە گرنگەی کە عێراق لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەیگێڕێت، ئومێدەوارین کە سەرکردەکانی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ خێرا دەست بە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بکەن، بۆئەوەی بتوانێت دەست بەو کارە گرنگە بکات کە پلانی بۆ دادەڕێژرێت بۆ بەردەوامیدان بە پاراستنی دیموکراسی، پاڵپشتیکردن لە سەروەریی نیشتمانی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگە هەنووکەییانەی رووبەڕووی عێراق و ناوچەکە بوونەتەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئومێدەوارین حکومەتی نوێ، کاتێك پێکهێندرا، رەنگدانەوەی ویستی گەلی عێراق بێت و کار بکات بۆ وەڵامدانەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات، مافەکانی مرۆڤ، ئاسایش و ئابووری لە عێراقدا".
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 10-01-2022 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و محەممەد حەلبووسی، کەسایەتیی سوننە وەکو سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە، حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر وەکو جێگری یەکەم و شاخەوان عەبدوڵڵا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ