هاوردەکردنی شێلم و چەوەندەر قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزاریی عێراق بۆ ئابووری بڕیاری دا، هاوردەکردنى شێلم و چەوەندەر و چەند بەرهەمێکى دیکە قەدەخە بکات و قەدەخەی سەر هاوردەکردنى شووتى و کاڵەکیش هەڵبگرێت.
ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنەکە لەسەر پێشنیازى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بووە و ئەمڕۆ 9ى کانوونى یەکەمى 2024 بڕیارى لێدراوە.
بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئابوورى، هاوردەکردنى شێلم، چەوەندەر، قەڕنابیت، کەلەرم و کاهوو قەدەخە دەکرێت، کە بەگوێرەى راگەیێنراوێکى کۆبوونەوەکە ئێستا لە نێوخۆدا پێگەیشتوون.
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى ئەو ئەنجوومەنە رێگەدانە بە هاوردەکردنى شووتى و کاڵەک، کە پێشتر بەرهەمی ناوخۆ هەبوو، بۆیە قەدەخە کرابوون.
ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئابوورى بڕیاری دا راسپاردەیەک بداتە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ هەموارکردنى کرێ و رسوماتی دەزگاى کوالێتى کۆنترۆڵ لەسەر خشڵى زێڕ کە لە دەروازە سنوورییەکان وەردەگیرێت.
بڕیارێکى دیکەى ئەو ئەنجوومەنە ئەوە بوو، کە کرێ و رسوماتى سەر بلۆکى زێڕ زیاد بکات.