سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: هەسەدە هەڕەشە نییە بۆ سنوورەکەمان

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، لە سنووری نەینەوا، هیچ سەربازێکی سووریا خۆی رادەستی هێزەکانی عێراق نەکردووە و دەشڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەڕەشە نین بۆ سنوورەکەیان.
 
پارێزگای نەینەوا، نزیکەی 350 کلیۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستاندا هەیە.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی دووشەممە، 09-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا هیچ سەربازێکی سووریا لە سنووری نەینەوا لەگەڵ سووریا خۆی رادەستی سوپا و پاسەوانی سنووری عێراقی نەکردووە. ئەوەی هەبووە لە سنووری قائیم بووە لە پارێزگای ئەنبار.
 
رۆژی شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ نزیکەی 2000 سەربازی سوپای سووریا پەنایان بۆ سنوورەکانی عێراق هێناوە و بە رەزامەندیی ئێمە لە سنوورەکان هاتوونەتە نێو خاکی عێراق."
 
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، "سنووری عێراق لە پارێزگای نەینەوا تۆکمەیە، هیچ مەترسییەک لەو دیو سنووری سووریاوە نییە".
 
پارێزگای نەینەوا بەشێک لە سنوورەکەی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"یە. لە قەزای شنگال و ناحیەی رەبیعە.
 
محەممەد جاسم کاکەیی ، کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەڵێت: "بەشێک لە نەینەوا هاوسنوورە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات، دۆخەکە زۆرباشە، بوونی هەسەدە مەترسی نییە بۆ سەر عێراق و سنووری پارێزگای نەینەوا". 
 
عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا هەیە.
 
دوای 13 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، دوێنێ بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی دەوڵەتەوە، "رووخانی بەشار ئەسەد" و ئازادکردنی بەندکراوان لە زیندانەکانی دەسەڵاتی پێشووی وڵاتە راگەیاند.