رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەنبار دەڵێت، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی داعش روویدا و بەهۆیەوە دوو ئەفسەر و دوو داعش کوژران.
ئەحمەد مەشهەدانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ دووشەممە (09-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزێکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی لە ناحیەی عامرییەی سموود هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک کە دوو "تیرۆریستی دیاری داعش" خۆیان تێیدا حەشاردابوو.
ناحیەی عامرییەی سموود، دەکەوێتە قەزای فەللوجە لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی ئەنبار گوتی، "شەڕ و پێکدادان دروستبووە، دوو تیرۆریستەکە و دوو ئەفسەری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی کوژران".
لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، گوایە ئەو دوو داعشە دوای شکاندنی زیندانەکان لە سووریاوە دزەیان کردووەتە عێراق و گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەحمەد مەشهەدانی ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەمانە خەڵکی ناوچەکەن و ناسراون".
هەر لەوبارەوە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کوژرانی دوو ئەفسەر و دوو "تیرۆریستی دیار"ی راگەیاند: "لە ماڵێکدا خۆیان شاردبووەوە".
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی باس لەوە دەکات، "ماوەیەکی زۆرە ئەو مەفەرزەیە لەژێر چاودێرییمان دابووە".
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەو پروپاگەندانەی باس لەوە دەکەن، کە ئەمانە لە دەرەوەی سنوور هاتبن؛ دوورە لە راستییەوە".
دەزگاکە داوا لە دەزگا میدیا دەکات، زانیارییەکان لە سەرچاوەی فەرمی وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ