رووداو دیجیتاڵ
دوای کاردانەوەی توندی ئەمریکا بەرامبەر هێرشی سەر باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنیی ناوچەی هێرشەکەی لەکارلادا، بڕیاریدا تەواوی فەوجی ناوچەکە بگۆڕێت و هێرشکارەکانیش بدۆزێتەوە، ئەمە وەک گوتەبێژەکەی باسی دەکات.
یەحیا رەسوول عەبدوڵڵا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ (شەممە، 9-12-2023) رایگەیاند "بە رێنمایی و چاودێریی بەڕێز محەممەد شياع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بۆ تاوتوێکردنی ئەو هێرشانەی لەدژی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و بارەگەی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوونی نزیک لەوێ روویاندا، تیمێکی کاری هاوبەش پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی ئەمنیی ئەو ناوچەیەی دەستدرێژییەکە تێیدا روویدا."
یەحیا رەسووڵ دەڵێت "لەم چوارچێوەیەدا؛ ئەفسەر و ئەندامانی یەکە ئەمنییەکان و زاڵگەکانی ناوچەکە لەکارلادران و رەوانەی لیژنە تایبەتمەندەکانی لێکۆڵینەوە کران بۆ لێپرسینەوە لەوانەی کەمتەرخەم بوون، لەهەمان کاتدا بڕیاردرا فەوجێکی تایبەت شوێنی سەرۆکایەتی بگرێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی کەرتە ئەمنییەکە."
رۆژی هەینی، پێنتاگۆن رایگەیاند، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سوودانی کردووە و باسیان لە "ئەرکی حکومەتی عێراق" کردووە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە هەمان رۆژ داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوە بکات و ئەنجامدەرانی هێرشەکە بدۆزێتەوە.
لیوا یەحیا رەسووڵ دەڵێت "تیمی کار بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەردەوامن لە بەدواداچوون سەبارەت بە ئەنجامدەرانی ئەم کارە تاوانکارییە، بۆ ئەوەی دەستگیریان بکەن و رادەستی دادگەیان بکەن تاوەکو سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن، هەروەها بۆ ئەوەی ببنە پەندێک بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت ئارامی بشێوێنێت."
بەپێی پێنتاگۆن، لۆید ئۆستن بە سوودانی راگەیاندووە؛ واشنتن کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا کە دوو گرووپی لایەنگری ئێرانن، بە بەرپرس لە زۆربەی هێرشەکانی سەر بەرژەوەندی و سەربازانی ئەمریکا دەزانێت و "ئەمریکا مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات" و "بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە، وەڵامی ئەو گرووپانە بداتەوە."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت "رێوشوێنە ئەمنییەکان یەکلاکەرەوە دەبن بەرامبەر بەوانەی ئەم کارە تیرۆریستییەیان کردووە، هەروەها ملکەچ بە یاسا دەکرێن، بەتایبەتی کە دەزگە ئەمنییە تایبەتمەندەکان سەرەداوی گرنگیان لە بارەیانەوە دەستکەوتووە''، دەشڵێت، "هێزە ئەمنییەکان دەسەڵاتی فراوانیان پێدراوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ رووبەڕووی هەر کارێک ببنەوە، کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاساییشی نێردە دیپلۆماسییەکان و شوێنی راوێژکارە نێودەوڵەتییەکان. ئەم بابەتە هەرگز کەمتەرخەمیی تێدا ناکرێت."
رۆژی هەینی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، کاژێر 4:15ـی هەمان رۆژ بە دوو مووشەک هێرش کراوەتە سەر باڵیۆزخانەکە، بێ ئەوەی باسی هیچ زیانێک بکات.
ئێوارەی هەمان رۆژ، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو، زنجیرەیەک هێرش کرانە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەیی دژی لە نزیکی جێگیرکراون. ئەو هێرشانەش جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانیان نەبوو.
لە یەکێک لە هێرشەکاندا، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی تەواونەکراوی چۆڵ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوت و تەقییەوە.
چەند کاژێرێک دوای ئەوە، مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو، لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە گوتی، درەنگانی شەوی هەینی، چوار درۆن بە دووریی کەمتر لە 500 مەتر لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی سێبیران کەوتنە خوارەوە و درۆنێکیش لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە خرایە خوارەوە.
لە بارەی ئەو هێرشانەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی "ئەمریکا بەتووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی دوێنێ شەوی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هێرشەکانی ئەمڕۆی سەر شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا دەکات."
ئەم جۆرە هێرشانەی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە زیادیان کردووە.
بە گوێرەی پێنتاگۆن، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە، 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ 37ـیان لە عێراق و 41ـیان لە سووریا، کە بە هۆیانەوە زیاتر لە 60 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی بە سووکی برینداربوون؛ هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا، ئەوەش لە کاتی لێدرانی زەنگی هۆشداریی هەبوونی هێرش و راکردن بۆ پەناگەکان.
گرووپێکی چەکدار کە خۆی وەکو گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنێت، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە، کە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
لە بەرامبەر ئەوەدا، بە گوێرەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی سێ جار لە سووریا و جارێک لە عێراق هێرشی کردووەتە سەر ئەو پێگەیانەی پێیانوایە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تارانن.
لەوانەش لە 3ـی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبرێژکراو و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کوشت.
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ