لەتیف رەشید بۆ سەرۆکى هەنگاریا: گرنگە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ هاوکاریکردن و گەڕاندنەوەى ئاوارەکان

09-12-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە کاتی پێشوازیکردنى لە سەرۆکى هەنگاریا، سەرۆککۆمارى عێراق داوایکرد هەوڵە هاوبەشەکان چڕبکرێنەوە بۆ هاوکاریکردنى ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدى خۆیان.
 
رۆژی 9ى کانوونى یەکەمى 2022، کاتالین نۆڤاک، سەرۆکى هەنگاریا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق کۆبووەوە. بەگوێرەى راگەیێندراوێکى سەرۆکایەتیى کۆمار لەو کۆوبونەوەیەدا لەتیف رەشید جەختیکردووەتەوە کە پێویستە هەوڵە هاوبەشەکان چڕبکرێنەوە بۆ  پێشکێشکردنى هاوکارى بەو ئاوارانەى کە بەهۆى گرووپە تیرۆریستیەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە و پەلە بکرێت لەیەکلاکردنەوەى دۆسیەى گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانیان.
 
سەرۆککۆمار داوای لە هاوتا هەنگارییەکەى کردووە ژمارەى ئەو خوێندکارە عێراقییانە زیاد بکەن کە لە زانکۆکانى ئەو وڵاتە دەخوێنن. هەروەها هێڵى گەشتى ئاسمانى راستەوخۆى نێوان بوداپێست و بەغدا بکرێتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە سەرۆکى هەنگاریا هیواى خواستووە، ئاستى هاریکارى نێوان عێراق و وڵاتەکەى فراوانتر بکرێت و پاڵپشتى وڵاتەکەشی دووپاتکردەوە بۆ عێراق بۆ پارێزگاریکردن لە سەقامگیری و ئاسایشەکەى.
 
دواى کۆتاییهاتنى ئەو کۆبوونەوەیە، سەرۆکى هەنگاریا سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و لەلایەن نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازی لێکرا، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆببنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە