قەیس خەزعەلی: خۆپیشاندانەکەی بەغدا زۆرترین کوژراوی لێدەکەوێتەوە
رووداو- هەولێر
بەغدا چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی پێنج ملیۆنییە و ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق هۆشداری لەبارەی خۆپیشاندانەکە دەدات و دەڵێت، زۆرترین کوژراوی لێدەکەوێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق لە وتارێکدا خۆپیشاندانەکەی سبەی بە رووداوێکی نەشیاو ناوبرد و گوتی، زانیارییان هەیە کە پیلانێک هەیە بۆ ئەوەی سبەی لە بەغدا کاری تێکدەرانە و کوشتن ئەنجام بدرێت.
خەزعەلی دەڵێت "پێشتر ئێمە هۆشداریمان دابوو لە رووداوەکانی مانگی 10، ئێستاش هۆشداری دەدەین لەو رووداوە کە رووداوێکی پیسە، دەیانەوێت پشێوییەکی گەورە لە بەغدا دروستبکەن و تاوەکو بکرێت زۆرترین کوژراوی لێبکەوێتەوە".
ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد "دەیانەوێت گەورەترین وێرانکاری و کردەوەی دزی بکرێت، بۆچی رێککەوتی 10/12؟ چونکە رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤە؛ بۆیە ئەمانە دەیانەوێت پشێویەکی گەورەی ئەمنی لە بەغدا دروستبکەن تاوەکو پەیامێک بنێرن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە سەیری ئەو کوژراو و بریندار و وێرانکارییە بکەن لە عێراق روودەدات و بەرپرسیاریەتییەکەشی بخەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی".