قەیس خەزعەلی: خۆپیشاندانەکەی بەغدا زۆرترین کوژراوی لێدەکەوێتەوە

09-12-2019
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن خۆپیشاندانی عێراق
A+ A-

رووداو- هەولێر 
 
بەغدا چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی پێنج ملیۆنییە و ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق هۆشداری لەبارەی خۆپیشاندانەکە دەدات و دەڵێت، زۆرترین کوژراوی لێدەکەوێتەوە. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق لە وتارێکدا خۆپیشاندانەکەی سبەی بە رووداوێکی نەشیاو ناوبرد و گوتی، زانیارییان هەیە کە پیلانێک هەیە بۆ ئەوەی  سبەی لە بەغدا کاری تێکدەرانە و کوشتن ئەنجام بدرێت. 
 
خەزعەلی دەڵێت "پێشتر ئێمە هۆشداریمان دابوو لە رووداوەکانی مانگی 10، ئێستاش هۆشداری دەدەین لەو رووداوە کە رووداوێکی پیسە، دەیانەوێت پشێوییەکی گەورە لە بەغدا دروستبکەن و تاوەکو بکرێت زۆرترین کوژراوی لێبکەوێتەوە".
 
ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد "دەیانەوێت گەورەترین وێرانکاری و کردەوەی دزی بکرێت، بۆچی رێککەوتی 10/12؟ چونکە رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤە؛ بۆیە ئەمانە دەیانەوێت پشێویەکی گەورەی ئەمنی لە بەغدا دروستبکەن تاوەکو پەیامێک بنێرن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە سەیری ئەو کوژراو و بریندار و وێرانکارییە بکەن لە عێراق روودەدات و بەرپرسیاریەتییەکەشی بخەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە