رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسای خزمەتى ئاڵا کە بە "سەربازیی ناچاری" ناسراوە، ناکۆکى دەخاتە نێوان فراکسیۆنە سوننە و شیعەکانى پەرلەمانى عێراق، سوننەکان دەیانەوێت پەلەبکرێت لە تێپەڕاندنى بۆ کۆتاییهێنان بە "تایفەگەرى نێو سوپا"، شیعەکانیش بە "بارێکى قورس"ی دەزانن بەسەر بودجەى وڵاتەوە.
بەگوێرەى خشتەى کارى پەرلەمانى عێراق دەبوو شەشى تشرینى دووەمى 2022، یەکێک لە بڕگەکانى کۆبوونەوەى ئەو رۆژەى پەرلەمان، خوێندنەوەى یەکەمى پڕۆژەیاسای خزمەتى ئاڵا بووایە، بەڵام بەهۆى ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنە شیعە و سوننەکانەوە لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە لە خشتەى کار لادراو خوێندنەوەى یەکەمى بۆ نەکرا.
ئەو پڕۆژەیاسایە لە 66 مادە پێکهاتووە و بە یاساى خزمەتى ناچارى سەربازى ناسراوە، بەوپێیەى یەکێک لە بڕگەکانى ئەوەیە هاووڵاتییانى عێراق ناچار بکات خزمەتى سەربازى بکەن.
بەگوێرەى رەشنووسی پڕۆژەیاسای خزمەتی ئاڵا، سەربازیی ناچاری بۆ ئەو کەسانەى بڕوانامەیان نییە 18 مانگ دەبێت و بۆ ئەوانەی قۆناخى ئامادەییان تەواوکردووە، 12 مانگە و کەمترین ماوە سێ مانگە، کە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرایە.
سوننە: تایفگەریى نێو سوپا ناهێڵێت
فراكسیۆنە سوننەکانى پەرلەمانى عێراق، پاڵپشتیى خێراى تاوتوێ و پەسندکردنى پڕۆژەیاسای خزمەتى ئاڵا دەکەن بۆ زیادبوونى رۆڵیان لەنێو سوپا، کە لەدواى ساڵی 2003 بەراورد بە شیعەکان بەرەو کەمبوونەوە چووە.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمان کە یەکێکە لە سەرکردە سوننەکان و سەرۆکى هاوپەیمانیى تەقەدوومە، لە 3ى تشرینى دووەمى 2022، لە توێتیکدا ئاماژەى بەوە داوە کە پەسندکردنى پڕۆژەیاساى خزمەتى ئاڵا گەرەنتى نەوەیەکى گەنجى بەتواناتر دەکات لە رووبەڕووبوونەوەى نەهامەتییەکانى ژیان و پەیوەست بە ئەرک و مافەکانى و پەرۆش بۆ پاراستنى دەوڵەت و سەروەرییەکەى.
ئەو تویتەى محەممەد حەلبووسی بە پاڵپشتیکردنێکى راستەوخۆى پڕۆژەیاسایە دەزانرێت کە لە ساڵى 2021 لەلایەن حکومەتى پێشووى عێراقەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە.
عەبدولکەریم جبوورى، پەرلەمانتارى سوننەى عێراق لە فراکسیۆنى سەروەرى پەسندکردنى یاساى خزمەتى ئاڵا بە پێویستییەکى دەستوورى دەزانێت و بە رووداوى گوت: "دەرکردنى ئەو یاسایە، کۆتایی بە تایفەگەرى دەهێنێت لە نێو سوپا و هاووڵاتى بەسڕە دەچێتە دهۆک بۆ خزمەتى سەربازى و هاووڵاتیى سلێمانیش لە شارێکى دیکەى عێراق دەبێتە سەرباز".
بەگوێرەى مادەى 64 لە پڕۆژەیاسای خزمەتى ئاڵا، لەگەڵ پەسندکردنى، کۆتایی بە یاساى خزمەتى سەربازى ساڵى 1969 دەهێندرێت.
بە بڕواى عەبدولکەریم جبوورى، بەهۆى ئەو یاساوە سوپا زیاتر دامەزراوەیی دەبێت و بڕواى نیشتمانى تێدا دێتەدى، ئەو پێشبینی دەکات پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەى یەکەمى بۆ بکرێت و دواتر گفتوگۆى زۆرى لەسەر بکرێت.
شیعە: کاتەکەى گونجاو نییە
پەرلەمانتارانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعە کە زۆرینەى پەرلەمانى عێراق پێکدەهێنن لە دژى ئەوەن لانیکەم ئێستا پڕۆژەیاسای خزمەتى ئاڵا لە پەرلەمان تێپەڕندرێت. عارف حەمامی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "تێبینیمان زۆرە لەسەر پڕۆژەیاساکە بەشێکیان پەیوەستن بە کاتەکەیەوە کە گونجاو نییە و عێراق لەم کاتەدا پێوستى بە سوپایەکى لەو جۆرە نییە کە لەکاتێکدا زیاتر لە یەک ملیۆن سەربازى هەیە".
عارف حەمامى رایگەیاند: جێبەجێکردنى ئەو یاسایە پارەیەکى زۆر لە بودجە دەبات و بارگرانی دەبێت لەسەرى، بەتایبەت کە سوپا پێویستى بە پێداویستیى سەربازى و چەک و جبەخانەیە. گوتیشى: "ئێستا گەندەڵى لەنێو دامەزراوە سەربازییەکاندا هەیە و تائێستا نەتوانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت، بۆیە پەسندکردنى پڕۆژەیاسای خزمەتى ئاڵا ئەگەر هەیە ببێتە دەروازەیەکى دیکە بۆ گەندەڵى".
تێبنیى شیعەکان لەسەر کاتى تاوتوێکردنى پڕۆژەیاساى خزمەت لەکاتێکدایە بەگوێرەى مادەى 66ى هەمان پڕۆژە لەدواى دوو ساڵ لە پەسندکردنى و بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى دەست بەجێبەجێکردنى دەکرێت.
پەرلەمانتارەکەى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەڵێت: ئەو جۆرە یاسایانە ستراتیژین و پێویستیان بە سازانە لەنێوان لایەنە سیاسیییەکان "وەک یاساى دیکە نییە هەروا پێشکێش بکرێت و یاسایەکى هەستیارە، دەتوانین بڵێین محەممەد حەلبووسی پاڵپشتیکارى سەرەکى دەرکردنى ئەو یاسایەیە".
رکابەرى دەست شکاندن
پێدەچێت ناکۆکییەکان تەنیا لە کات و قەبارەى بودجەى ئەو سوپایە نەبێت کە لەدواى پەسندکردنى یاسای خزمەتى ئاڵا پێکدەهێندرێت، بەڵکو کێشەکەی پەیوەندیدار بێت بە هاوسەنگیی هێزى نێوان هەردوو پێکهاتەى سوننە و شیعە لە سیستمى سەربازی و ئەمنیدا.
د. ئەحمەد شەریفى، پسپۆرى کاروبارى ئەمنى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "شیعەکان کە باڵى سەربازی و گرووپى چەکدارییان هەیە، نایانەوێت یاساکە تێپەڕێندرێت و سوپاى بەهێز هەبێت و گۆڕانکاریى لە هاوسەنگیى هێزدا بکات وەک چۆن پێشتر سوننەکان کاریان لەسەر بێهێزکردنى سوپا دەکرد".
زۆرینەى کارمەندانى حەشدی شەعبی لە عێراق سەر بە پێکهاتەى شیعەن، هەر لە لایەن ئەوانیشەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، لەکاتێکدا رێژەى پێکهاتەکان لەنێو سوپادا بەو ئەندازەیە نییە کە ترسی سوننەکان لە سوپاى عێراق بڕەوێنێتەوە.
عەبدولکەریم جبوورى، پەرلەمانتارى سوننە دەڵێت: "بەهۆى ئەوەى کە سەرژمێرى نەکراوە، نازانین رێژەى سوننە لە نێو سوپاى عێراق چەندە" .
لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبى بەعس بەر لە رووخانى لە ساڵى 2003، زۆرینەى فەرماندە سەربازییەکان سەر بە پێکهاتەى سوننە بوون، بەڵام ئەو هاوکێشەیە لەدواى دوورخستنەوەى حیزبى بەعس لە دەسەڵات پێچەوانەوە بووەوە بۆ بەرژەوەندیى پێکهاتەى شیعە.
د. ئەحمەد شەریفى دەڵێت: "مەترسیی روودانى کودەتاى سەربازى لەلایەن سوپاوە پەیوەستە بە سیستەمى دیموکراتی کە دەتوانێت گەرەنتى ئەوە بکات کودەتا روونەدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ