کاروانێک تانکەری نەوتی 'قاچاخ' لە سنووری عێراق و سووریا بۆردوومان دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی هاوپەیمانیی ئەنباری یەکگرتوو دەڵێت، درەنگانێکی شەوی رابردوو، کاروانێک تانکەری نەوتی "قاچاخ" لە نزیک سنووری عێراق و سووریا بۆردوومان کراوە و باس لە کوژرانی 25 کەس دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو ژمارەیە پشتڕاستنەکراوەتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە 9-11-2022، عەبدوڵڵا جغێفی، ئەندامی هاوپەیمانیی ئەنباری یەکگرتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای دەرچوونیان لە دەروازەی قائیم بە ئاراستەی سووریاوە بە دووری نزیکەی 25 مەتر، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان کاروانێکی تانکەری نەوتیان بۆردوومان کرد کە نەوتیان بە قاچاخ دەبردە سووریا.
 
بەگوتەی عەبدوڵڵا جغێفی کە هاوکات یەکێکە لە سەرکردەکانی حەشدی هۆزەکان لە قەزای حەدیسە، "شەوانە بەردەوام بە تانکەر نەوت لە عێراقەوە دەبرێتە سووریا و لوبنان." گوتیشی: بە دروستی ژمارەی ئەو تانکەرانە نازانرێت کە بۆردوومان کراون، رەنگە ژمارەیان 15 تاوەکو 20 تانکەری پڕ لە نەوت بێت.  

 

راشیگەیاند: بە شێوەیەکی رێکخراو نەوت لە دەروازەی سنووری قایم بە قاچاخ دەبرێت، لەگەڵ ئەوەی گوێمان لێ دەبێت نەوت بە قاچاخ لە بەسرە و ناوچەکانی دیکەش دەبرێت. 
 
میدیای نزیک لە حەشدی شەعبی باس لەوە دەکەن، لە بۆردوومانەکەدا 25 کەس کوژراون و 20 تانکەریش سووتاوە؛ بەڵام تائێستا بە فەرمیی هیچ زانیارییەک رانەگەیێندراوە.