شابەندەر: مالیكی و عیساوی دووجار كۆبوونەتەوە

09-11-2013
کەریم مودەڕیس
نیشانەکردن ماليكى عيساوى
A+ A-

رووداو- شەرقولئەوسەت

عیزەت شابەندەر، سەركردەی دیاری نێو هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، كە دیدارێكی لەگەڵ رافیع عیساوی، وەزیری پێشووی دارایی لە حكومەتی عێراق ئەنجامداوە بەمەبەستی ئاشتكردنەوەی لەگەڵ نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق.

عیزەت شابەندەر، كە بە گەورە دانوستانكاری دەوڵەتی یاسا دەناسرێ لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) رایگەیاند: "بەرەوپێشچوون بەدی هاتووە لەو وتووێژانەی حكوومەتی عێراق لەگەڵ هۆزەكانی پارێزگای ئەنبارو سەركردە نێوخۆییەكانی ئەو پارێزگایە ئەنجامی دەدات، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە دەنگی گوتاربێژەكانی هەینی لە ئەنبار ئەو هێزەی نەماوە،‌ كە  پێنج مانگ بەر لە ئێستا هەیانبوو، كاتێك خۆپێشاندانەكانی ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە و كەركووك و نەینەوا سەریانهەڵدا".

شابەندەر زیاتر گوتی: "مالیكی پشتگیری بەهێزی ئەحمەد دلێمی، پارێزگاری نوێی ئەنبار دەكات، بەهۆی ئەوەی ناوبراو لەلایەن مانگرتووانیش سەرپشككراوە".

هەروەها دەڵێ "مالیكی دووجار پێشوازی لە ئەحمەد ئەبو ریشە، سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی رابوون (سەحوە)‌ لەعێراق كردووەو رێككەوتنی نوێ لەبارەی هێزەكانی رابوون بەدی هاتووە".

سەبارەت بە هەڵوێستی مالیكی بەرامبەر بە رافیع عیساوی، ‌وەزیری پێشووی دارایی عێراق، شابەندەر ئاماژەی بەوەكرد كە دووجار لە عەمان و دوبەی چاوی بەناوبراو كەوتووە، لەو دوو دیدارەدا لەسەر دوو خاڵ رێككەوتوون یەكەمیان پەیوەندی بەلایەنی دادوەریی پاسەوانەكانی عیساوییەوە هەیەو دووەمیان پەیوەندی بە لایەنی ئەستۆپاكی عیساوییەوە هەیە.

بەپێی (شەرقولئەوسەت) حكوومەتی نێوخۆی ئەنبار پێشڕەوی خۆپێشاندانەكانی دژ بەحكوومەتی عێراق كردووە، بەڵام پێشتر سەباح كەرحوت، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند، كە ‌پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر هەموو ئاستەكاندا بەرەو باشبوون دەچێ، بەتایبەت لەرووی دابینكردنی خزمەتگوزاری و ئاسایشەوە"‌

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە