وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ رووداو: زیاتر لە 7000 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئێران هەناردەکردنی گازی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە. وەزارەتی کارەبای عێراق بە رووداوی گوت، زیاتر 7000 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی چوارشەممە 09-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەناردەکردنی گازی رۆژانەی بۆ عێراق لە 30 ملیۆن مەترسێجاوە بۆ 18 ملیۆن مەترسێجا کەمکردووەتەوە و بەو هۆیەوە 2200 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە."
سەبارەت بە هۆکاری ئەو کەمکردنەوەیە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، "ئێران پێی راگەیاندووین کە خەریکی نۆژەنکردنەوەی بۆری گواستنەوەی گازە و وەرزی زستان نزیکبووەتەوە و دەبێت نۆژەن بکرێتەوە."
ئەحمەد عەبادی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو گازەی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆیان دابین دەکرێت، کەمی کردووە. هەروەها وەزارەتی کارەباش سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی بەشێکی وێستگەکانە و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان دەکات."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەو هۆکارانە وایکردووە کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق زیاتر لە 7000 مێگاوات کارەبا کەم بکات و گوتی، ئێستا نزیکەی 19 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
رۆژی 30-07-2024 زیاد عەلی، وەزیری کارەبای حکومەتی عێراق لە کاتی پرۆژەی فراوانکردنی وێستگەی کارەبای حەیدەریە لە نەجەف رایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبایان گەیاندووەتە 27 هەزار و 400 مێگاوات کارەبا کە پێشتر نزیکەی 19 هەزار مێگاوات بوو.
پێشتر وەزارەتی کارەبا لە عێراق رایگەیاند، لەو پەڕی زیادبوونی خواست لەسەر کارەبادا پێویستییان بە 45 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێری دابین بکەن.