کۆچبەرانی عێراق بۆ رووداو: زیاتر لە 7000 هاووڵاتیی لوبنانی لە وڵاتەکەماندا تۆمار کراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 7000 هاووڵاتیی لوبنانییان لە وڵاتەکەیان تۆمار کردوون و ژمارەکەش لە زیادبووندایە.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 09-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7000 هاووڵاتیی لوبنانی کە هاتوونەتە عێراق، لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تۆمار کراون."
ئەو هاووڵاتییانە لە رێگەی دەروازەی قائیم لە پارێزگای ئەنبار و فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەفەوە گەیشتوون. گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، ژمارەیەکی دیکە هاووڵاتیی لوبنانی گەیشتوون، بەڵام هێشتا تۆمار نەکراون.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی، "زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە لە پارێزگاکانی کەربەلا و نەجەف نیشتەجێبوون". بەشێک لە لوبناییەکان لە بەغدا، بەسرە و سەلاحەدین نیشتەجێ کراون.
هاوکات ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد فەتلاوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشوازیمان لە نزیکەی 1800 لوبنانی کردووە. ژمارەکەش لە زیادبووندایە."
فەتلاوی گوتیشی، "ئەو هاووڵاتییانە لە خانەی میوانداریی مزگەوتی کوفە، شوێنی تایبەت بە عەتەبەی عەلەوی و هەندێک خانووی نەجەف نیشتەجێکراون."
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕی 3 ملیار دینار بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تەرخان بکرێت بۆ پێشوازیکردن لە هاووڵاتییانی لوبنانی.
هاوکات یاسین مەعمووری، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی ئەمڕۆ چوارشەممە بە میدیای فەرمی عێراقی گوت، پێشوازییان لە 8 هەزار لوبنانی کردووە.
دۆخی باشووری لوبنان لە مانگی رابردووەوە ناسەقامگیریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و تاوەکو دێت بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە دۆخەکە خراپتر دەبێت.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.