موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: هێرشمان کردەسەر پێگەیەکی گرنگ لە گۆلان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە ئێران پاڵپشتییان دەکات و خۆیان بە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) دەناسێنن، دەڵێن، هێرشیان کردووەتە سەر "پێگەیەکی گرنگ"ی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلان. ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەوە دووەمین هێرشە دەیکەنە سەر ئەو ناوچەیە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئۆکتۆبەر (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) لە راگەیێندراوێكدا بڵاویکردەوە، "لە بەردەوامیی رێچکەی بەرگری دژی داگیرکار و سەرخستنی خەڵکەکەمان لە فەلەستین و غەززە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی قەوارەی داگیرکار بەرامبەر خەڵکی سڤیل لە منداڵ و ژن و بەتەمەن دەیکات، موجاهیدەکانی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 09-10-2024 بۆ دووەمین جار هێرشیان کردە سەر پێگەیەکی گرنگ لە گۆلانی داگیرکراو."
 
(موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) باس لەوە دەکات، "هێرشە بەردەوامەکانمان بۆ سەر پێگەکانی دووژمن زیاتر دەکەین."
 
حەیدەر لامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا رۆژی 07-10-2024 بە رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) زیاتر لە 400 جار هێرشی درۆنی و مووشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل. میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، ئەو گرووپانە نزیکەی 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و 70٪ی ئەو هێرشانەش لە ئەیلوولدا بوون.
 
لامی گوتی، "بزووتنەوەی نوجەبا بەشێکە لە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و بەشێکە لە بەرەی مقاوەمە" کە ئێران و هەموو گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دەگرێتەوە.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، لە هێرشەکاندا "شوێنی هەستیاری نێو قەوارەی زایۆنیمان کردووەتە ئامانج."
 
دوای ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی رابردوودا قورسایی هێرشەکانی خستەسەر حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل زیادکرد. کاریگەرترینیان رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بوو، کاتێک لە هێرشێکی درۆنیی ئەو گرووپانەدا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان لە سووریا 2 سەربازی ئیسرائیلی کوژران و 24ی دیکە برینداربوون.
 
ئیسرائیل تاوەکو ئێستا راینەگەیاندووە وەڵامی بۆ ئەو هێرشە چی دەبێت، ئەگەرچی پێشتر بە بۆردوومانکردن وەڵامی هێرشی هاوشێوەی حووسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی لە سووریا داوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە