دادگەى باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەک لە دژی گەڕاندنەوەى بارەگاکەى پارتى کۆدەبێتەوە

09-10-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن دادگەی فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، رۆژی 10ى تشرینى یەکەمى دیاریکرد بۆ یەکەم دانیشتن لەبارەى ئەو سکاڵایەی لە دژى گەڕاندنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کەرکووک، لە دادگەکە تۆمارکراوە. دواى ئەوەى دادگە بەشێوەیەکى کاتى رادەستکردنەوەی بارەگاکەی راگرت.
 
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق، رۆژی چوارشەممە 11ى تشرینى یەکەمى 2023 دادگەکە تاوتوێی سکاڵاکە دەکات، کە لەلایەن وەسفى عاسی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک تۆمار کراوە و داوای کردووە بارەگاکە رادەستی پارتی نەکرێتەوە.
 
سکاڵاکە لەدژى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان تۆمارکراون و داوا دەکات بڕیاڕى ژمارە 843ـی ساڵى 2023ـی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هەڵوەشێنێتەوە، کە تێیدا بڕیار دراوە، بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەى رادەستى پارتى دیموکراتى کوردستان بکرێتەوە.
 
رۆژی 3ـی ئەیلوولى 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر داوای وەسفی عاسی بڕیاریدا تاوەکو یەکلاییکردنەوەی ئەو سكاڵایەی دژی ئەو بابەتە تۆمار کراوە، سەرجەم رێکارەکانی رادەستکردنەوەى بارەگاکە رابگیرێن.
 
رۆژی 25ـی ئاب، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانێکى دەرکرد بۆ چۆڵکردنى بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووک  و رادەستکردنەوەى بە پارتى کە  لەدواى رووداوەکانى 16ـی ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017ـەوە بەدەست سوپاى عێراقەوەیە، بەڵام لە 27ـی ئابى 2023، بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک، لە  دژى رادەستکردنەوەى بارەگاکە، رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست.
 
رۆژی 2ـی ئەیلوول ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک لەدژى داخستن ئەو رێگەیە خۆپێشاندانیان کرد، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە تەقە وەڵامیان دانەوە، بەو هۆیەوە چوار خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستدا و 16ـی کەسی دیکەش برینداربوون.
 
لە خاڵى 13ـی بڕگەى یەکى لایەنى جێبەجێکردنى کارنامەی حکومەتى عێراقدا هاتووە، هەموو پارتە کوردستانییەکان و پارتەکانى دیکە لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین مافی چالاکى و رێوڕەسمى سیاسی و دەستوورییان هەیە و دەبێت ئەو بارەگایەی ئەو پارتانە چۆڵ بکرێن، کە لایەنى دیکە بەکاریاندەهێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە