موقتەدا سەدر داواى خۆپێشاندانى ملیۆنى دەکات بۆ پاڵپشتی لە فەلەستین

رووداو دیجیتاڵ

رێبەرى رەوتى سەدر داوادەکات رۆژى هەینى خۆپێشاندانى ملیۆنى لە بەغدا بۆ پاڵپشتیکردنى هاووڵاتییانى فەلەستین، لە بەرامبەر هێرشەکانى سوپاى ئیسرائیل بکرێت. 
 
9ـی تشرینى دووەمى 2023، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە پەیامێکیدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس بانگەوازێکى بڵاوکردەوە بۆ خۆپێشاندانەکە لە دواى نوێژى هەینیی 13ـی تشرینى یەکەم لە  گۆڕەپانى تەحریر لە بەغدا.
 
موقتەدا سەدر داوا دەکات لەو خۆپێشاندانەدا ئاڵاى ئیسرائیل بسووتێندرێت و ئاڵاى فەلەستین لەپاڵ ئاڵاى عێراق بەرزبکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە) شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل پێی نایە رۆژی سێیەممەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاند، 700 کەس کوژراون، هەروەها بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى تەندروستیى فەلەستین، 436 کەس لە شارى غەززە گیانیان لەدەستداوە. 
 
موقتەدا سەدر لە پەیامەکەیدا دەڵێت "ئەو خۆپێشاندانە ملیۆنییە، دەبێت بە بەشدارى هاووڵاتییانى سەرجەم پارێزگاکان بێت بۆ ئەوەى بۆ گەندەڵکار و ستەمکارانی بسەلمێنین؛ ئێمە بەردەوامین لە پاڵپشتیکردنى چاکسازى و بەرگرى."
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس،  ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند و بەشارى غەززەوە دزەى کردە ناو سنوورى ئیسرائیل و چەند پێگەیەکى سەربازى و مەدەنى ئیسرائیلی بۆردوومان کرد.